دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی سعودییە بۆ سنووردارکردنی بەشداری کەسانی بەتەمەن گشتگیرە و پێوەی پابەند دەبین.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق راگەیاندراوێکی دەربارەی بڕیارەکەی سعودییە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پابەند دەبین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سعودییەوە بۆ سنووردارکردنی کەسانی بەتەمەن لە پڕۆسەی حەج و عومرەدا.
ئاماژەی بەوەشدا، سعودییە ساڵانێکە کورسی تایبەتی بە کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو تەرخانکردووە، بۆ ئەمساڵیش بڕیارەکەی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و ئیسلامی دەگرێتەوە و گشتگیرە.
هاوکات، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودییە بڕیاریدا بە سنووردارکردنی کەسانی بەتەمەن بۆ جێبەجێکردنی حەج و عومرە بە جۆرێک ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 71 ساڵ زیاترە و لەدایکبووی 1954ن، رێژەی بەشداریکردنیان دەبێتە %7ی کۆی سەرجەمی بەشداربووانی حەج و عومرە.