پرۆژەى دەروازەى هەڵەبجە تەواوکرا و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، تێچووى دروستکردنەکەى دیارى سەرۆک وەزیرانى عێراقە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایى ئێستاى راگەیاند، دواى ئەوەى ساڵى رابردوو داوامان لە سەرۆک وەزیرانى عێراق کرد سەردانى هەڵەبجە بکات یان دیارییەک بداتە شارەکە، ئەوەبوو بڕیاریدا دیارییەک پێشکەشى شارەکە بکات.
وتیشى، “پرۆژەى دەروازەى شار کرایە دیارى محەمەد شیاع سودانى و بۆ ئەو مەبەستە بڕى 1.5 ملیار دینارى بۆ تەرخانکرد و دواتریش تەرخانکراوەکەى بۆ دوو ملیار زیادکرد”.
چرۆ حەمەشەریف باسى لەوەشکرد، پرۆژەکە کە لە ساڵى رابردووەوە کارى تیادەکرێت و ماوەى یاسایى تەواوبوونەکەى دوو مانگى ماوە، لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکارەوە بەر لە وادەى خۆى تەواوکراوە و لەئێستادا سەرجەم هێڵ و شەقامەکانى بەڕووى هاتوچۆکاراندا کراوەتەوە.