سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەبارەی پرۆژەی رووناکی گرێبەستێکیان بۆ هێناوین بەبێ وەرگرتنی بیروبۆچوونمان، ئێمەش واژوومان نەکردووە.
عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “پرۆژەی رووناکی یەکێکە لە پرۆژە هەرە جوانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەم میکانیزمەی ئێستا جێبەجێدەکرێت، هاوڵاتی و خاوەن مۆلیدەش زەرەرمەند دەبن تیایدا”.
وتیشی، ئێمە هاوکاردەبین لەم پرۆژەیەدا و ئەگەر حکومەت کارەبای 24 کاتژمێریی پێبدرێت، هەر ئێستا بە خاوەن مۆلیدەکان دەڵێم مۆلیدەکان لاببەن و بچنەوە ماڵەوە، بەڵام بەشێوەیەک نا کە مۆلیدە و هاوڵاتیش زەرەرمەندی یەکەم بن.
ئاماژەی بەوەشدا، لەبارەی پرۆژەی رووناکی، گرێبەستێکیان بۆ هێناوین بەبێ ئەوەی هیچ پرسوڕایەک و رێککەوتنێکیان لەگەڵمان کردبێت، لەو گرێبەستەدا پێیانوتووین تا شەش مانگ دەبێت مۆلیدە ئەهلییەکان لە ئامادەباشیدابن و هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕدرا، کاریپێبکەن.
دەشڵێت، بۆ ئەم مەبەستە بڕەپارەیەکی کەمیان بۆ داناوین، رێگەش نادەن مۆلیدەکان لاببەین، بۆیە گرێبەستەکەمان واژوو نەکردووە.
عوسمان محەمەد باسیلەوەشکرد، “چەند داواکارییەکمان ناردووە بۆ کارەبای سلێمانی و لەوێشەوە بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، کە یەکێک لەوانە لابردنی ئەو باجەیە کە لەسەرمانە، چونکە لە هیچ پارێزگایەکی عێراق باج نادرێت”.
ئەوەشی وت، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان، هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕدرا، ئێمەش کار بە مۆلیدەکان ناکەین.