وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی كەمیی غاز چەند چارەسەرێکیان دۆزیوەتەوە و یەکێک لەوانەش، بەرهەمهێنانی کارەبایە لە وزەی خۆر.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، پلانی وەزارەت بۆ هاوینی داهاتوو بریتییە لە ئامادەکردنی وێستگەكان و فراوانكردنی هێڵەكانی گواستنەوە، هەروەها چارەسەركردنی كێشەكانی دابەشكردنی کارەبا بە دروستكردنی فیدەر و دانانی وێستگەی زیادە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دابەزینی دابینكردنی غاز، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر وێستگەكانی كارەبا دەبێت، بۆیە وەزارەتی كارەبا كار لەسەر هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی غاز دەكات، بەو پێیەی گرێبەستێكی لەگەڵ توركمانستان ئەنجامداوە بۆ هاوردەكردنی غاز و چاوەڕێی تەواوبوونی رێكارە دارایی و تەكنیكییەكان دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وتیشی، كار لەسەر دامەزراندنی وێستگەی كارەبای هەڵم و وێستگەی سایكلی تێكەڵاو دەکەن، جگە لە وێستگەی وزەی خۆر، هەروەها پڕۆژەی ریسایكلكردنی پاشماوە بۆ بەرهەمهێنانی وزە.
ئەحمەد موسا دەشڵێت، حكومەت كاردەكات بۆ گۆڕینی 536 بینای حكومی بۆ وزەی خۆر، ئەمەش هەنگاوێكە كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی لۆدە لەسەر تۆڕەكە، بەتایبەتی لەكاتی لوتكەی بەكاربردن لە وەرزی هاویندا.