عێراق: پەیامەکەى ئۆجەلان هەنگاوێکى گرنگە بۆ هێنانەدیى سەقامگیرى

وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشوازى لە پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات و بە هەنگاوێکى ئەرێنى و گرنگ لە هێنانەدیى سەقامگیرى لە ناوچەکەدا ناویدەبات.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتى دەرەوە پێشوازیى کۆمارى عێراق بۆ پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکى پارتى کرێکارانى کوردستان (PKK) و داواکارییەکەى لە پارتەکەى بۆ چەکدانان نیشاندەدات. بە هەنگاوێکى ئەرێنى و گرنگى دەزانێت بۆ هێنانەدى سەقامگیرى لە ناوچەکەدا.

دەشڵێت، “ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکى زۆر گرنگە بۆ چەسپاندنى ئاسایش، نەک تەنها لە عێراق، کە ئەندامە چەکدارەکانى پارتى ناوبراوى لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان و هەندێک شارۆچکە و شارى دیکە تیایە، بەڵکو لە سەرجەمى ناوچەکەدا”.

چارەسەرى سیاسى و گفتوگۆ باشترین رێگەن بۆ چارەسەرى ناکۆکى و کۆتاییهێنان بە ململانێکان، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانى سەرجەم لایەنەکان بکات و پێکەوەژیانى ئاشتییانە پەرەپێبدات، وەک ئەوەى لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

پاڵپشتیش بۆ سەرجەم هەوڵەکان بە ئاراستەى چارەسەرى گرفتەکان لەڕێگەى گفتوگۆوە دەردەبرێت.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق هیواشدەخوازێت داواکارییەکە بگۆڕێت بۆ هەنگاوى کرداری و خێرا بۆ چەکدادان و پابەندى حکومەتى عێراقیش بە پەیوەندى بەهێز لەگەڵ تورکیاى دراوسێیدا دووپاتدەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share