جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، كورد هەمیشە گەلێكی ئاشتیخواز بووە و بزووتنەوە كوردییەكان وەك دوا رێگاچارە پەنایان بۆ چەك بردووە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، كورد هەمیشە گەلێكی ئاشتیخواز بووە و بزووتنەوە كوردییەكان وەك دوا رێگاچارە و بە ناچاری، بۆ پاراستنی مان و داكۆكی لە مافە بنەڕەتییەكان پەنایان بردووەتەبەر بە چەك.
دەشڵێت، “ئەمڕۆ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێكی دیكە دەرگای بە ڕووی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە و دیموكراسییەكانی پرسی كورد لە توركیادا كردەوە و هاوكات دەستپێكی قۆناغێكی نوێی تێكۆشانی سیاسی بۆ كورد لە توركیا راگەیاند و هیوادارین و گەشبینین ئەمجارەیان پڕۆسەكە بە ئەنجامێكی دڵخواز بۆ هەردوو گەلی كورد و تورك كۆتایی بێت و پێكەوە بناغەی پێكەوەژیانێكی راستەقینە بوونیادبنێن”.
باسی لەوەش كردووە، ئەركی هەموو لایەكمانە پێشوازی لە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان بكەین و لە هەر چەشنە هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە درێغی نەكەین.