هەولێر پایتەختی كوردستانە هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بووە

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێت، “هەولێر پایتەختی كوردستانە، هەڵبەت وەك ژیان و گوزەران بۆ خەڵكی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن و ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازانیش بووە”.

راشیگەیاند،كێ و لەكوێ لێی قەوماوە هەوڵێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ كردووەتەوە و هەولێر هەروەها چونكە پایتەختی وڵاتەكەشمانە مافی هەموو خەڵكی كوردستانیشی بەسەرەوەیە و هەولێر ئاواییەكی لاچەپ نییە كوێخایەك بتوانێت دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ ) كوێخایەتی تیابكا و تەواو و ئەمە بچووكردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین و ئەمە لەگەڵ شانوشەوكەتی قەڵادا ناگونجێت، لەگەڵ كۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەكە و ردێنی سپی مێژوویەكەی وێك نایەتەوە.

باسی لەوەش كرد، هەوڵێر پایتەختی حوكمڕانیی كوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شكۆی دەوڵەتدارییە و شایستە و شایانە رەسمیی سیاسەتی رەسمی و بڕیاری بە رووداوی كوردستان بەرامبەر بەغداد و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێت و دەربچێت و بچێتە واری كارییەوە.

ستران عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هەولێر ئێستا جامی شووشەیی باڵیۆزخانەكان و كورسیی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەكانی تیا هەس و بنەو بارەگای حزبەكانی لێیە و قەرارە لە چەند مانگی دیكەشدا كێبركێی هەڵبژاردن بكات و خەڵك و كاندید خۆیانی تیابنووێنن.

جەختیشیكردووەتەوە، كۆمسێۆنی تیایە و یەك حەمكە پاوەر و پارەی دیموكراتی تیا خەرجكراوە و سەدان وۆرك شۆپ و مەشقی و راهێنانی حوكمڕانیی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ و خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەكراون؟!

دەشڵێت، “ئێ خۆ ئەگەر بابەتەكە (میهرەگان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەكوری)سیاسیش بێت، لێگەرێن با دەقی سیناریۆكە وەك خۆی نمایان بكرێت و لە جێی ئەوەی وەك(ئیختیارەكان)ی گەمەی دامە هەمووی تێكومەكان بدەن و داش و دامە و دۆدۆشاو تێكەڵبكەن.

لە درێژەی بابەتەكەیدا باسی لەوەش كردووە، هەوڵێر هەر پایتەختی دیفاكتۆی ئێستا نییە، هەولێر پایتەختی حكومڕانیی ئاییندەشە، پایتەختی پەرلەمانی داهاتوو و حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستانیشە، پەرلەمانتارەكان ، فراكسیۆنەكان لەوێ دەبن و جوولچەی گەرموگوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەكەشمان هەر لەوێ دەبێت.

ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی هەوڵێر بەو دیرۆك و دێرینییەوە كەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەكی سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئاییندەشی وا بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.

لە كۆتاییدا ستران عەبدوڵا راشیگەیاندووە، جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێت تەئریخی ئەربیلی نەخوێندووەتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێت، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێ كە دەشێ و رێی تێدەچێت و لەوانەیە و گوێی ستەمكار كەڕ بێت، بە دیموكراسیی و بە دەنگدان و بە هێزی نەرم كورد و كرمانجێكی دڵسۆز حوكمی هەوڵیری داهاتوو بكا تو لە پایتەختی كوردستانەوە حوكمی هەموو كوردستانیش بگەشێنێتەوە و ئەمە نە كوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی و ئەمە گەمەی دیموكراسی و دەوورانی مێژوو و ئازایەتیی هەوڵێرییەكان و كوردستانییان دوا قسەی تیادەكەن و فەرهەنگەكە گۆڕاوە و قەناعەتەكە جوولاوە، زەمانەش رەسمی جارانی نەماوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری رۆشنبیریی هەرێم: پشتگیریى بڕیارەکەى داواکارى گشتی دەکەین بۆ سزادانی ئەو کەناڵانەی هانى توندوتیژى دەدەن

وەزیری رۆشنبیریی هەرێم رایگەیاند، “پشتگیریى بڕیارەکەى داواکارى گشتیی سلێمانی دەکەین بۆ سزادانی ئەو کەناڵانەی هانى توندوتیژى دەدەن”. حەمەی…
Total
0
Share