بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە فرۆشیاران ئاگاداردەکاتەوە، لە مانگی رەمەزاندا ئەو خواردنانەی دەیفرۆشن چەند زانیارییەکیان لەسەر بێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی تەندروستیی هەڵەبجە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، بازرگان و خاوەن فرۆشگاکان ئاگادار دەکەین کە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، شەربەت، شیرینی بە هەموو جۆرەکانیەوە، خورما و هەر خۆراکێکی تر پێویستە لەیبڵی لەسەربێت.
دەشڵێت، پێویستە خواردنەکان ئەم زانیارییانەی خوارەوە لەخۆ بگرن و بە پێچەوانەوە، دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
– ناوی خۆراکەکە.
– ناو و ناونیشانی کارگە و شوێنی دروستکردنی.
– ژمارەی مۆڵەتی تەندروستیی کارگەکە، واتە شوێنی دروستکردنی دیاربێت و لەژێر چاودێریی تەندروستیدا بێت.
– بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی خۆراکەکە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە باسلەوەشدەکات، پێویستە شوێنی دروستکردن، گواستنەوە، کۆگاکردن و فرۆشتن، لەڕووی تەندروستییەوە گونجاوبێت.