وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا رایگەیاند، پێنج هەزار و 400 کارمەند کەمدەکاتەوە لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەى دۆناڵد ترەمپ-ى سەرۆک بۆ کەمکردنەوەى هێزى کارى فیدراڵی.
ئاماژەشیدا، کەمکردنەوەکە کە بڕیارە هەفتەى داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەشێکى زۆر کەمى دوورخستنەوەى 50 هەزار کارمەندى وەزارەتى بەرگرییە کە هەندێک پێشبینییان کردووە، بەڵام دواهەمین نابێت.
هەر لە چوارچێوەى بڕیارەکاندا وەرگرتنى کارمەندى نوێ رادەگیرێت، لە کۆتاییشیدا هێزى مەدەنى کە دەگاتە 950 هەزار کارمەند بە رێژەى نێوان 5% بۆ 8% کەمدەکرێتەوە.
ئەم کەمکردنەوانە لە چوارچێوەى پرۆسەى چاکسازیی خێرایە کە ئیلۆن مەسک-ى ملیاردێر سەرپەرشتى دەکات و تائێستا بووەتەهۆى دوورخستنەوەى زیاتر لە 20 هەزار کارمەند و هەڵوەشانەوەى هەندێک پرۆگرام لە سەرتاسەرى ئەمریکا، لە هاریکارییە دەرەکییەکانەوە بۆ چاودێریى دارایی.