بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، چەند تۆمەتبارێكی بە تۆمەتی تەقەكردن دەستگیركرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەم تۆمەتبارانە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەگەڵ لایەنی بەرامبەریان دەبێتە دەمەقاڵییان و لە ئەنجامدا توندوتیژیی لێدەكەوێتەوە و ئەمانەش بە شێوەیەكی هەرەمەكی تەقە لە لایەنی بەرامبەر دەكەن.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەك بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنین، هیچ كەسێك لە كاتی بوونی كێشەدا پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە، بەڵكو پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكەن، تاكو لە رێگای پۆلیسەوە كێشەكانیان بۆ یەكلایی بكەینەوە و مافەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەر كەسێك توندوتیژی ئەنجامبدات و تەقە بكات، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و دەدرێتە دادگا.