رێکخراوی پەیامنێران: لە دێگەڵە پێشێلکاری بەرامبەر 31 کەناڵ و رۆژنامەنووس کرا

لێپرسراوی رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نووسان رایدەگەیەنێت، تەنیا لە یەک رۆژدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە 22 رۆژنامەنووس و نۆ دەزگای میدیایی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.

هۆزان قادر، لێپرسراوی رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نووسان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “لەکاتی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر بەتایبەت لەبەردەم بازگەی دێگەڵە، پێشێلکاریی جۆراوجۆر بەرامبەر دەزگای میدیایی و رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون، کە سەرجەمیان جێی نیگەرانیمانن”.

داواش لە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە سیاسییەکان دەکات، “رۆژنامەنووسان لە ململانێکان بهێننە دەرەوە و پێشێلکارییان بەرامبەر نەکەن، لێگەڕێن رۆژنامەنووسان ئازادانە رووماڵی خۆیان بکەن”.

سەبارەت بە ئاماری ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان کراون، هۆزان قادر وتی، لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی هەولێردا، پێشێلکاری بەرامبەر نۆ دەزگایی میدیایی و 22 رۆژنامەنووس کرا، کە نۆ رۆژنامەنووسیان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە تەندروستییان تێکچوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات هێزێکی ئەمنی بە ئۆتۆمبێل و جلی مەدەنی، بەناوی ئاسایشەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کەناڵی KNN لە هەولێر و دەستیان بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانیی و مۆبایل و پێداویستییە کەسییەکانیاندا گرتووە. هەروەها چوار تیمی دەزگای راگەیاندن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکرا بگەڕێنەوە شاری هەولێر و تیمی دەزگای میدیایی پۆڵەتیک پرێسیش، لەکاتی وەرگرتنی لێدوان لە چالاکوانێک، لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکراون و تائێستا ئازاد نەکراون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share