لە بازگەکانى هەولێر رێگەنادرێت هیچ هاوڵاتییەکى سلێمانى بچێتە ناو شارەکەوە

لە بازگەکانى هەولێر لەڕێى پشکنینى کارتى زانیارى یان کارتى نیشتمانییەوە رێگە بە دانیشتووانى سلێمانى و دەوروبەرى نادرێت بچێتە ناو شارى هەولێرەوە.

دیار حسێن، پەیامنێرى تۆڕى میدیایى ئێستا لە هەولێر رایگەیاند، لە بازگەکانى دێگەڵە و سماقوڵى لە ئەمڕۆوە رێگرى لە هەر هاوڵاتییەکى دانیشتووى سلێمانى و دەوروبەرى کراوە بچنە ناو هەولێرەوە.

وتیشى، “هەر هاوڵاتییەکى سنوورى سلێمانى کە ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنى هەر مامەڵە و کارێک یان سەردانى کەسوکار روویان لە هەولێر کردووە، لە بازگەکان رێگرییان لێکراوە و پێیان وتراوە بگەڕێنەوە”.

ئەو رێگرییانە دواى ئەوە دێت دوێنێ هەینى لە خۆپیشاندانى مامۆستا و فەرمانبەران بڕیاردرا بۆ پاڵپشتیى مانگرتووانى سلێمانى و لە نزیکەوە گەیاندنى داواکارى و پەیامەکان بە ناوەندى بڕیار، سبەى یەکشەممە بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن روو لە هەولێر بکەن.

پەیامنێرمان ئەوەشى خستەڕوو، “بەپێى بەدواداچوونەکانم و پرسیارکردنم لە ژمارەیەک لەو هاوڵاتییانە، بەتایبەت ئەو کەسانەى بە تاکسیى هێڵەکان روویان لە هەولێر کردووە، لە بازگەکان داواى کارتى زانیارى یان کارتى نیشتمانى کراوە، بۆ ئەوەى بزانن سەرنشینەکان خەڵکى کام پارێزگایەن، لەکاتێکدا کەسێک خەڵکى سنوورى سلێمانى و دەوروبەرى بووبێت، راستەوخۆ داواى لێکراوە بگەڕێتەوە”.

روونیشیکردەوە، ئەگەرچى بڕیارى خۆپیشاندان و مانگرتنەکە سبەینێیە، بەڵام رێگرییەکان لە ئەمڕۆوە دەستیان پێکردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share