بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو پارەی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دابەشدەکرێت.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پارەی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گەیشتووە و سەرەتای مانگی داهاتوو دابەشدەکرێت.
بڕیاربوو لەم مانگەدا کارمەندەکان شایستە داراییەکانیان وەربگرن، بەڵام دواکەوت و نەبەرد عومەر هۆکارەکەی بۆ زۆریی کارمەندان و تەواونەبوونی رێکارە کارگێڕییەکان گەڕاندەوە.
بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 42 هەزار کارمەند لە ئەرکدابوون.
ئەو کارمەندانەی دەرچووی دانەمەزراون بڕی 250 هەزار دیناریان پێدەدرێت و ئەوانەشی فەرمانبەربوون، بەڵام وەک کارمەندی سەر سندووق کاریان کردووە 150 هەزار دینار وەردەگرن.