وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، بە پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، هەر وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و پارێزگاکانی دیکە دەکەین.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوایین لێدوانی رێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، وتەکانی ناوبراو لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ورد نین، ئێمە بە شێوەیەکی پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی مووچەی هەرێم دەکەین، هەر وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و پارێزگاکانی دیکە دەکەین، جەختدەکەینەوە دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە ئێمە ساڵێک زیاترە داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکەین.
لەبەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ زانیاریی و داتایەکی سەبارەت بە تەوتین کردن لە بانکە حکومییەکان رادەستنەکردووە، تا ئێمە بتوانین هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدڕاڵ مووچە بخەینە سەر هەژمارە بانکییەکانیان.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، تا ئێستا هەرێم لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی نەناردووە کە خانەنشین بوون، لە کاتێکدا زیاتر لە 10 رۆژە تیمێک لە وەزارەتمانەوە نێردراون بۆ ئەوەی بتوانن ناوەکان جیابکەنەوە و وردبینی لە ناوەکانیان بکرێت بەپێی یاسای خانەنشینی مووچە و پاداشتەکانیان بۆ هەژماربکرێت.
سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، زیاتر لە دوو ساڵە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە سەر بە هێزەکانی وشکانی فیدڕاڵن واتە سەر بە وەزارەتی بەرگرین، بەڵام پێدەچێت حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ مووچەی بەشێکیانی دابینکردبێت، هەر ئەمە بووبێتە هۆی کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچە، پێویستە هەرێم مانگانە کۆپیەکمان لە لیستی ناوی ئەو کەسانە بۆ بنێرێت کە دوو مووچە یان زیاتریان هەیە.