حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، فەرماندەی ئەو هێزە دەستبەسەر دەكات كە بەرپرسە لە ناوچەی هاویشتنی موشەكەكان بەرەو هەولێر، لێكۆڵینەوەشی لە ڕوداوەكە دەستپێكردووە. سەرۆكی پارتێكی عێراقییش دەڵێت، موشەكبارانەكە پەیامێكە بۆ ئەمریكا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی ڕوداوی كەوتنەخوارەوەی موشەك لە هەولێر بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “گرووپێكی تیرۆریستیی پارێزگای هەولێری بە ژمارەیەك موشەك بە ئامانجگرت لەڕێگەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلێك لە جۆری كیا كە موشەكهاوێژێكی لەسەر جێگیركراوە. ئەو موشەكانە لە باكووری خۆرئاوای هەولێر كەوتوونەتەخوارەوە و دووانیان لە نزیك كامپی ئاوارەكانی حەسەن شامی كەوتوونەتەخوارەوە.”
لەبارەی شوێنی هاویشتنی موشەكەكانەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئاشكرایكردووە كە لە دۆڵی تەرجلە لە شارۆچكەی حەمدانییەی پارێزگای نەینەواوە ئەو موشەكانە ئاراستەی هەولێر كراون، بەبێ ئەوەی زیانیان بەدوادا بێت.”
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كە لەسەر ئاستی باڵای حكومەت بڕیاری دەستبەسەركردنی فەرماندەی ئەو هێزە دراوە كە بەرپرسە لە ناوچەی هاویشتنی موشەكەكانەوە، دەستبەجێش لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە دەستپێكراوە.
هاوكات جەمال كەربولی، سەرۆكی پارتی چارەسەر ڕایگەیاند، موشەكبارانەكە پەیامێكە بۆ ئەمریكا ناوەڕۆكەكەی دەڵێت هەولێریش وەكو بەغدادە.
كەربولی لە تویتێكدا نووسیویەتی، “بەرلەوەی ڕەشید بەرمەكییەكان تەفروتونا بكات، پایتەختی دەوڵەتی عەباسی لە بەغدادەوە گواستەوە بۆ ڕەقە بۆ ئەوەی خۆی لە پێكدادان لەگەڵ بەرمەكییەكاندا بەدووربگرێت، بەڵام ئەوان لە ڕەقە-ش گێچەڵیان پێكرد، تا بۆی بسەلمێنن كە ڕەقە وەكو بەغدادە، ئەویش ئارامی لێبڕا و كۆتاییهێنا بە بوونیان لە عێراقدا.”
ئەو ڕوداوەی سەرۆكی پارتە عێراقییەكە باسی دەكات، لە سەردەمی خەلیفەی عەباسیی هارون ڕەشید دا ڕویداوە. بەرمەكییەكان بەشێك بوون لە دەسەڵات و چەندین پۆستی وەزاری و كارگێڕیی باڵایان لە دەوڵەتی عەباسیدا هەبوو، دواتر لەگەڵ هارون ڕەشید دا كێشە كەوتە نێوانیان و ئەویش تەفروتونای كردن. مەبەست لە ناوهێنانی بەغداد و هەولێر لە تویتەكەی كەربولی دا، ئەوەیە كە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، ئەمریكا ناچاردەكەن بەغداد بەجێبهێڵێت و ڕوو لە هەولێر بكات، بەڵام لە هەولێریش وازی لێناهێنن و “ناچاری دەكەن لەناویان ببات.”
مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت
لە پەیامێكیدا كە لە تویتەر بڵاویكردەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و باسی لە گرنگیی لێپرسینەوە لەوانەی بەرپرسن لە هێرشەکە کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم
له ڕاگهیاندراوێكدا وهزارهتی ناوخۆی ههرێم ڕایگهیاندووه، “کاتژمێر8:30 ی ئەم ئێوارەیە، شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە”.
وهزارهتی ناوخۆ ئاماژهی بهوهشكردووه، “موشەکەکان لە سنووری (برطلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون، ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30ی حەشدی شەعبی، تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیات”.
ئهوهشی خستوهتهڕوو، “لە کاتێکدا بە توندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستییە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکەین، لە هەمانکاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک، داواش لە حکومەتی فدراڵی دەکەین دەستبەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگرن”.
لهلایهكی دیكهوه واین مارۆتۆ، وتەبێژی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ جەنگی دژ بە داعش لە تویتێکیدا رایگەیاند، “ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، موشەکەکان لە سنووری هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر نەکەوتوونەتە خوارەوە”.
ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادی بەهۆی هێرشەکان نییە و ڕوداوەکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
دژه تیرۆری كوردستان چی دهڵێت؟
دژەتیرۆر لە ڕاگەیاندراوەكەیدا دەڵێت، “كاتژمێر 8:30ى ئهمشهو له سنوورى گوندى شێخ ئهميرهوه كه سهر به پارێزگاى نهينهوايه لهلايهن ميليشياكانى حهشدى شهعبييهوه شەش موشهك به ئاراستهى فڕۆكهخانەی نێودهوڵهتیى ههولێر هاوێژران، بهڵام دوور له فڕۆكهخانه له چۆڵهوانى كهوتنه خوارهوه و دوو لهو موشهكانهش نهتهقيونهتهوه و خۆشبهختانه هيچ زيانێكى لێ نهكهوتهوه.”
كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان و ڕاگەیاندراوەكەی دژەتیرۆر لەكاتێكدان، ماوەیەكە لەڕێگەی موشەك و بۆمبەوە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و كاروانی ئۆتۆمبێلی نێردە دیپلۆماتییەكان دەكرێنە ئامانج. لایەنەكانی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی خۆرئاوا و بە تایبەت ئەمریكا، چەند گرووپێكی چەكداری عێراقیی نزیك لە ئێران بە ئەنجامدەری ئەو كارانە تۆمەتباردەكەن.