هۆشداری لە گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی مێتا دەدرێت

بڕیاری كۆمپانیای مێتا بە ئاسانكاری لە سیاسەتی پێداچوونەوە بە ناوەرۆك لە تۆڕەكانی فەیسبووك و ئینستاگرامدا لەنێو ئەمریكا، رووبەڕووی رەخنەی بەرفراوان بووەوە و هۆشداری لەبارەوە دەدرێت.

تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ سەلماندنی راستییەكان رایگەیاند، بەرفراوانبوونی بڕیارەكەی مێتا بە رەتكردنەوەی پێداچوونەوە بە ناوەرۆكی بڵاوكراوەكاندا لە تۆڕەكانی فەیسبووك و ئینستاگرام “دەبێتە مایەی زیان بە جیهانی راستەقینە”.

راگەیەندراوە چاوەڕوان نەكراوەكەی هەفتەی پێشووی مارك زۆكەربێرگ، دامەزرێنەری كۆمپانیای مێتا و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە دەربارەی ئاسانكاری لە سیاسەتی وردبینی و پێداچوونەوە بە ناوەرۆكدا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، نیگەرانی لە وڵاتانی وەك ئوسترالیا و بەرازیل هێناوەتە ئاراوە.

جەمسەرەكەی تەكنەلۆجیا وتی، ئەوانەی وردبینی بە راستییەكاندا دەكەن “زۆر لایەنگریی سیاسی دەكەن” و بەرنامەكە بووەتە “چاودێری و سانسۆرێكی زۆر”.

بەڵام تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ سەلماندنی راستییەكان، كە ئاژانسی فرانس پرێس و دەیان رێكخراوی دیكەی سەر ئاستی جیهان ئەندامن تیایدا، دەڵێت، بانگەشەی ئەنجامدانی چاودێری “هەڵەیە”.

تۆڕەكە ئاماژەشیدا، “دەمانەوێت كاروبارەكان روونبكەینەوە، لە چوارچێوەی ئەمڕۆدا بێت یان لە چوارچێوەی مێژوویدا”.

فەیسبووك پارە دەدات بە نزیكەی 80 رێكخراوی سەر ئاستی جیهان لە بەرامبەر پرۆسەكانی سەلماندنی راستییەكان، پرۆسەكان جگە لە فەیسبووك، لە واتساپ و ئینستاگرام-یش ئەنجام دەدرێت.

تۆڕەكە هۆشداریدا لەوەی فراوانكردنی چوارچێوەی گۆڕانكاریی لە سیاسەتەكاندا بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و زیاتر لە 100 وڵات كە بەرنامەكە دەیگرێتەوە، لێكەوتەی وێرانكەری دەبێت.

روونیشیكردەوە، “هەندێك لەو وڵاتانە بە توندی لە بەردەم مەترسیی زانیاریی چەواشەكارانەدان، كە دەبێتەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكان و توندوتیژیی كۆمەڵایەتی و تەنانەت لەناوبردنی بەكۆمەڵ”.

تۆڕە نێودەوڵەتییەكە باسی لەوەشكرد، “ئەگەر كۆمپانیای مێتا بڕیاربدات بە راگرتنی بەرنامەكە لەسەر ئاستی جیهان، تاڕادەیەك بە دڵنیاییەوە ئەو كارە زیان بە جیهانی راستەقینە لە زۆرێك لە شوێنەكان دەدات”.

لای خۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بڕیارەكەی مێتای ئیدانەكرد و رۆژی هەینی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، “راستی گرنگە”.

هەروەها ڤۆلكەر تورك، كۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف-ەوە رایگەیاند، رێكخستنی ناوەرۆكی زیانبەخش لەڕێی ئینتەرنێتەوە “چاودێری نییە”.

ڤۆلكەر لەڕێی تۆڕی ئێكسەوە وتی، “رێگەدان بە وتاری رق و كینە و ناوەرۆكی زیانبەخش لەڕێی ئینتەرنێتەوە زیانی لە جیهانی راستەقینەدا لێدەكەوێتەوە. رێكخستنی ئەم جۆرە ناوەرۆكە چاودێریی نییە”.

لەئێستادا ئاژانسی فرانس پرێس بە 26 زمان كار بە سیستمی سەلماندنی راستییەكانی تایبەت بە فەیسبووك دەكات.

لەڕێی بەرنامەكەوە، ئاستی ناوەرۆكی ریزبەندكراو بە “چەواشەكار” دادەبەزێندرێت و بەهۆیەوە خەڵكێكی كەمتر دەیبینن، ئەگەر كەسێكیش بیەوێت بڵاوكراوەكە ببینێ و جارێكی دیكە بڵاویبكاتەوە، نووسراوێكی بۆ دەخرێتەڕوو كە هۆكاری چەواشەكاری بوونەكەی رووندەكاتەوە.

گۆڕانكاریی سیاسەتەكانی مێتا بە ماوەیەكی كەم دێت پێش وەرگرتنی پۆستەكەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، هەینی پێشتر زوكەربێرگ چاوی بە ترەمپ كەوتووە.

ترەمپ ساڵانێك رەخنەگرێكی توندی مێتا و زوكەربێرگ بوو، كۆمپانیاكەی بە دژایەتیكردنی خۆی تۆمەتبار دەكرد و، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە بەڕێوەبەری جێبەجێكارەكەی دەكرد، لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پۆستەكەی.

لە بەرامبەردا بەمدواییە زوكەربێرگ هەوڵی زۆر دەدات بۆ نزیكبوونەوە لە ترەمپ، لەدوای هەڵبژاردنەوەی لە تشرینی دووەمی رابردووەوە. دوای كۆبوونەوەیەكیش لەگەڵیدا ملیۆنێك دۆلاری بە سندوقی تایبەت بە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونەكەی بەخشی.

هەروەك دانا وایت-ی سەرۆكی پاڵەوانێتیی “یو ئێف سی”ی نزیك لە ترەمپ-ی لە ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیاكەی دامەزراند.

ئەنجی درۆبنیك هولان، بەڕێوەبەری تۆڕی نێودەوڵەتیی سەلماندنی راستییەكان رایگەیاند، بڕیارەكەی مێتا پاش “فشاری سیاسیی توند” دراوە و روونیكردەوە، “ئەم هەنگاوە زیان بە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگەیەنێت، ئەوانەی بەدوای زانیاریی ورد و راستدا دەگەڕێن بۆ بڕیاردان دەربارەی ژیانی رۆژانەیان و كارلێكیان لەگەڵ هاوڕێیانیان و خێزانەكانیان”.

مێتا پرۆسەی سەلماندنی راستییەكانی لەپاش هەڵبژاردنی چاوەڕوان نەكراوەكەی ترەمپ لە ساڵی 2016دا پەرەپێدا، پاش ئەوەی چاودێران رایانگەیاند كە بڵاوكردنەوەی زانیاریی چەواشەكارانە لە فەیسبووك و دەستێوەردانی لایەنی بیانی، لەنێویاندا روسیا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە هۆكاربوون بۆ بردنەوەی.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چین مووشەكی سەروو دەنگ كە “ئاڵنگاریی یاساكانی فیزیا دەكات” تاقیدەكاتەوە

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرایدەكات، چینییەكان تەنها لە هاوینی ڕابردوودا بەلایەنی كەمەوە دووجار چەكی سەرووی دەنگیان تاقیكردووەتەوە. ڕۆژنامەی “فاینانشەڵ تایمز”…
Total
0
Share