پلەکانی گەرما ئاستی پێوانەیی تۆماردەکەن.. عێراق بەهۆی گەرماوە ئیفلیج بووە

پلەکانی گەرما بەئاستێکی زۆر بەرزن لە عێراق ئەوەش وڵاتەکەی تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی کردووە، لە هەندێک ناوچەش دانیشتووانەکەی لە بێ کارەباییدا گەرما بەڕێدەکەن، لە هەمان کاتدا حکومەت پشووەکان ڕادەگەیەنێت بەمەبەستی پاراستنی فەرمانبەران لە کاریگەرییەکانی ئەو گەرمایەی ئێستا عێراقی گرتووەتەوە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەییە کە 125 پلەی فەهرەنایت و 51.6 پلەی سەدییە بڵاوکردووەتەوە، ڕۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، عێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوای لەسەرە، بەشێوەیەکی زۆر خێراتر لە هەموو جیهان گەرم بووە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە دۆخانەدا زۆر سەختە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی شەممە حکومەت ڕایگەیاند، لەهەریەکە لە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار و میسان تۆڕەکانی کارەبا لەکاردەکەون.

لە ساڵی 2003دا شارەزایان ئاشکرایانکرد، عێراق بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لە کەرتی کارەبادا خەرجدەکات بەبێئەوەی هیچ سوودێکی گەورەی هەبێت.

لە ساڵی 2021دا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بڕی 81 ملیار دۆلاری بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکردووە، “لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی گەندەڵیی زۆر لەو کەرتەدا نەتوانراوە بەشێوەیەکی جێگیر و بەردەوام کارەبا بۆ خەڵک دابینبکرێت”، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق.

ئەحمەد تەمیمی شارەزای ئابوری لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، “ئەو پارەیەی بۆ بەرهەمهێنان و دابینکردنی کارەبا لە عێراق تەرخانکراوە زۆر زیاترە لەوەی سەرۆک وەزیران باسیکردووە، کە بەوە دەتوانن کارەبای پێوسیت دابینبکەن و وڵات نەکەوێتە ئەم دۆخەوە”.

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا لەوبارەیەوە کە لە ساڵی 2019 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، عێراق لە توانایدایە 32 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەو لەکارکەوتن و کێشە لە بەشێکیدا ناتوانێت لە نیوە زیاتری ئەو بڕە بەرهەمبهێنێت.

هەڵسەنگاندنەکان باس لەوەدەکەن، عێراق پێویستی بە 40 مێگاوات کارەبا هەیە بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، قەیرانی سیاسی کاردانەوەی نەرێنیی لەسەر ژیانی خەڵکیش دروستکردووە، بەهۆی پێکنەهێنانی حکومەتەوە هیچ بودجەیەکی سەرەکی تەرخاننەکراوە.

باسی لەوەکردووە، کە کارەبا تەنها کەرتی زەرەرمەند نییە لە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا لە عێراق بەڵکو کشتوکاڵ و سامانی ماسیش تووشی قەیران بوون بەهۆی گەرما و وشکبوونەوەوە.

لەدوای وەرزی بەهارەوە شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە عێراق بە شێوەیەک دووبارەبوونەوە کە پێشینەی نەبووە، بەوهۆیەوە شارەزایان هۆشدارییان لە بیابانبوون و بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دا کە ئێستا عێراق پێوەی دەناڵێنێت.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە عێراقییەکان تا ئێستا هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوەیان نییە، هەروەها بەشێکی دیکەی عێراقییەکان ناتوانن بڕە پارەی پێویست بدەن بە کارەبای مۆلیدە وەک شوێنگرەوەی کارەبای نیشتمانی.

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەری تەندروستیی كەركوك زمانی كوردی قەدەغەدەكات

بابەتی دواتر

لە ئێران ئەفغانییەک دەستگیرکرا کە 10 کەسی بە چەقۆ کوشتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share