وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، عێراق سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی G77 ی وەرگرتووە، لەو رێگایەشەوە هەوڵدەدات بەرەنگاریی هەژاریی بێتەوە.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی وتارێکدا کە بەو بۆنەیەوە و لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشیکرد رایگەیاند، درک بە گرنگی ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەین کە لە ئەستۆمان نراوە، لەو رێگایەوە هەوڵدەدەین و کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئەولەویاتە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکەدا.
وتیشی، لە میانەی سەرۆکایەتیی گروپی G77 و چین، سەرنجمان دەخەینە سەر بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، باشترکردنی لایەنی پەروەردە و تەندروستی، بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی، پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەریانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا دەخرێنەروو و لەگەڵ پارەدارکردنی پێویست بۆ وڵاتە تازەگەشەسەندووەکان.
گروپی G77 لە ساڵی 1964 لە میانەی کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بارزگانی و گەشەپێدان لە جنێف پێکهێنرا، لە کۆمەڵێک وڵاتی تازەگەشەسەندوو بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان.
لە سەرەتادا 77 وڵات ئەندامی گرووپەکە بوون لە ئێستادا بۆ 130 وڵات بەرزبووەتەوە.