پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پاراستنی ژینگەدا و کۆمەڵێک بڕیار لەبارەی ئەو پرسەوە دەرکران.
پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە رێگانادرێت ئەو شوێنانەی سەوزە دەچێنن بەرهەمەکانیان بە ئاوی پیس ئاو بدەن، دەبێت کارگەکان پابەندبن بە مەرجەکانی پاراستنی ژینگە، دەرفەت نادرێت بە هەر کارگەیەک بڵێت چەند مانگێکم پێویستە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ مەرجەکانی پاراستنی ژینگە.
باسیلەوەشکرد، هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجی ژینگەیی تێدانەبێت سزادەدرێت و رێککارەکان توندتردەکرێنەوە، هەر کەسێک بەنزینی خراپ بە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان بفرۆشێت سزادەدرێت.
وتیشی، هەموو ئەو مۆلیدانەی لەناو شارن لە رێگای لیژنەیەکەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، پێویستە رەچاوی پاکڕاگرتنی ژینگە بکەن.
پێشەوا هەورامانی ئاشکرایکرد، هەر کەسێک بەردی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل دەربهێنێت و بیفرۆشێتەوە سزادەدرێت و غەرامەی ماددی دەکرێت.