پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا جەختکراوەتەوە، نابێت لە ساڵی نوێدا کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکرێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیرانی کورد و فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد کۆمەڵێک بڕیار لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دراوە.
بەپێی بڕیارەکان، دەبێت بەغداد مامەڵەیەکی دەستوری وەک هەرێمێکی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات نەک بەمجۆرەی ئێستا هەیە، و پێویستە هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستنەکرێت.
هەر بەپێی بڕیارەکان، لە ساڵی 2026 دا پێویستە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بەپێی رێژەی دیاریکراوی خۆی، نەک تەنها مووچە، لە هەمواری یاسای بودجەدا دەبێت مافی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت.
بڕیارە چوار وەزیری کورد لە بەغداد ئەم پەیامە بگەیەننە حکومەتی فیدراڵ و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان هەڵوێستی دیکە دەبێت.