توركیا پێشنیاری هێرشكردنەسەر شەنگال دەخاتە بەردەم عێراق

وەزیری بەرگریی توركیا و ژمارەیەك لە یاوەرانی لە بەغداد

ڕۆژنامەیەكی توركی ئاشكرایدەكات، ئەنقەرە پێشنیاری پڕۆسەیەكی سەربازیی هاوبەشی دژ بە پەكەكە لە شاخی شەنگال و بە پشتیوانی حكومەتی هەرێم خستووەتە بەردەم بەغداد، بەڵام حكومەتی عێراق قایلبوونی نیشان نەداوە.

ڕۆژنامەی (خەبەر تورك) ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، توركیا پێیوایە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چیای شەنگال-ی كردووەتە قەندیلی دووەم و مۆڵگەی گەریلاكانی و ئەنقەرەش ناڕەزایی خۆی لەو بارەیەوە نیشانداوە، بەڵام لایەنی عێراقی ڕایگەیاندووە كە كاری لەپێشینە بریتیە لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعش و یەكخستنی وڵات.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پاش هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر چیای شەنگال و دەركردنی ئێزدییەكان لە ناوچەكە، پەكەكە دوابەدوای ڕاوەدونانی داعش كۆنتڕۆڵی ناوچەكەی كردووە و تیایدا پێنج بنكەی ڕاهێنان و بنكەیەكی ڕاهێنان لەسەر درۆن و سێ بنكەی لۆجیستی دروستكردووە.

دەشڵێت، ئەو پرسە سەرەكیترینی ئەجێندای سەردانەكەی خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا بووە لەمیانەی سەردانەكەی دوێنێیدا بۆ بەغداد، ئامانجی سەرەكیش دەركردنی پەكەكەیە لە هەردوو هاوكێشەی عێراق و سوریا و ناچاركردنی چەكدارەكانی لە شاخی قەندیل بە گواستنەوە بۆ بەشە ئێرانییەكەی شاخەكە، بۆ ئەمەش توركیا سێ ستراتیجی بۆ ئیدارەی قۆناغەكە دیاریكردووە.

ڕۆژنامەكە ستراتیجەكانیشی ڕوونكردوەتەوە، یەكەمیان لەناوبردنی چالاكییەكانی پەكەكە لە شەنگال لەڕێی كارێكی سەربازییەوە، كە ئەمەیان لانیكەم پێویستی بە دوو ساڵە، دووەم مامەڵەكردن لەگەڵ حزبەكە لەنێو سوریا، ئەوەش لەڕێی پارێزگاری لە هاوسەنگییەكان لەگەڵ ئەمریكا و پشتبەستن بە پەیوەندییە باشەكان لەگەڵ ئێران، ستراتیجی سێیەمیش هەماهەنگییە لەگەڵ ڕوسیا بۆ قۆناغی ئاساییكردنەوە و سەرلەنوێ بونیادنانەوە.

بەپێی (خەبەر تورك) لە دیدارەكانی دوێنێدا پڕۆسەیەكی سەربازیی هاوبەش دژ بە پەكەكە بە بەشداری هەردوو حكومەتی بەغداد و هەولێر خراوەتەڕوو، لەكاتێكیشدا ئەگەر هەردوو حكومەت ڕەزامەندییان نیشاندا، وادەی پڕۆسە سەربازییەكە پێدەچێت لە نیوەی دووەمی مانگی ئازاری داهاتوودا بێت، پڕۆسە سەربازییەكەش لەڕێی 9 خاڵی جیاوازەوە دەبێت.

دەربارەی وەڵامی عێراقیش ڕۆژنامەكە دەڵێت، چەند كاردانەوەیەك هەبووە لەسەری لەوانە “نەبوونی وادەیەك بۆ كشانەوەی هێزە توركییەكانی بەشدار لە پڕۆسەكە، كاردانەوەی توندی شەقامی عێراقی، هەروەك حكومەتی بەغداد دەیەوێت بە سیاسەتی جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ئەمریكا بەرامبەر بەغداد ئاشنابێت”.

ڕۆژنامەكە ڕوونیشیكردوەتەوە، پێشنیاری دووەمی توركیا پێشكەشكردنی پشتیوانیی لۆجستی و هەواڵگرییە بە هەردوو حكومەتی بەغداد و هەولێر، لەڕێی پێشكەشكردنی پێدراوەكان سەبارەت بە ناوچە بەئامانجگیراوەكان و زامنكردنی لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراق و، نەكشانەوە لێی بۆ ماوەیەكی درێژ، بەڵام ئەم پێشنیارەش ڕوبەڕووی مادەی 140ی دەستور دەبێتەوە”، كە مەبەستی ئەوەیە شەنگال و مەخمور و ناوچەكانی دیكە بەپێی دەستور ناوچەی جێناكۆكن و ئەمەش عێراق دەخاتە دۆخێكی دژوار لەنێوان هەڵوێستەكانی ئێران و ئەمریكاوە.

ئەنقەرە دەیەوێت، بەپێی ڕۆژنامەكە، حكومەتی بەغداد لەوە تێبگات كە پەكەكە خەریكە دەبێتە مەترسی بۆ سەری، چاوەڕوانیشە لایەنی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لە نیوەی دووەمی مانگی داهاتوودا پێبدات، بەپێی ئەو سەرچاوە توركییانەش كە ڕۆژنامەكە لەسەر زاریانەوە بڵاویكردوەتەوە حكومەتی هەولێر “بەگرنگییەكی زۆرەوە چاوی لە پێشنیاری دووەمە”.

لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوەوە توركیا پڕۆسە سەربازییەكانی بۆ سەر پەكەكە چڕكردووەتەوە و ڕۆژنامەكە دەڵێت، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە بە ئاسان لێیان ڕوانیوە، بەڵام كەوتووەتە نێو گێژاوێكەوە كە ناتوانێت بە ئاسانی لێیدەربچێت، بەتایبەت بەهۆی زیانەكانی و تێچووە زۆرەكەی پڕۆسە سەربازییەكان لەكاتێكدا دۆخی ئابوریی وڵاتەكە بە قەیراندا تێدەپەڕێت.

عێراق نەك تەنها ڕەزامەندی لەسەر پڕۆسە سەربازییەكەی شەنگال نەداوە بەڵكو بەپێی ڕۆژنامە توركییەكە داواشیكردووە سەرجەم جموجوڵە سەربازییەكانی ئێستای “بە زانیاری و ڕەزامەندی دەسەڵاتدارێتی عێراق و بۆ كاتی زۆر پێویست بێت”.

وەزیری بەرگری توركیا لە بەغداد
دوێنێ وەزیری بەرگریی توركیا گەیشتە بەغداد و كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆكوەزیران لەو كۆبوونەوەیەدا كازمی جەختی كردووەتەوە لەوەی، “عێراق هەموو هەڕەشە و چالاكییەكی تیرۆریستی ڕەتدەكاتەوە كە لەنێو خاكەكەیەوە توركیای دراوسێی بكاتە ئامانج”.

“كازمی سەپاندنی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە تەواوی عێراقدا، بە چارەسەر دەزانێت بۆ كۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی لە وڵاتەكەیەوە دەكرێنە سەر توركیا”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە و ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆكوەزیران “هەماهەنگی سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتەكەی بە گرنگ زانیووە”.

كۆبوونەوەی خلوسی ئاكار و مەسرور بارزانی
دوابەدوای دیدار و كۆبوونەوەكانی لە بەغداد هەر دوێنێ خلوسی ئاكار گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆ لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، لەكۆبوونەوەی نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێم و وەزیری بەرگریی توركیا جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی و بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کراوتەوە، بەتایبەتی “بەهێزکردنی هەماهەنگیی و هاریکاریی لە پێناو سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا”.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، “جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کرایەوە لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستی: چوار کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا

بابەتی دواتر

ئەمریکا: کچێک دەستگیرکرا هاردێکی نانسی پێلۆسی دزیوە تاوەکو زانیارییەکانی بدات بە ڕوسیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share