مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ ئەزموونەكەمان ،هەر وەك بەڵێنی بە خەڵكەكەمان دابوو ، دووپاتدەكاتەوە و لە هەموو وێستگەكانی ساڵی 2025دا كۆششی ڕەوای بۆ دەكات”.

دەقی پەیامەكە:

ساڵی نوێ لە گەلەكەمان، لە كۆمەڵانی خەڵكی عێراق و جیهان پیرۆز بێت، ساڵی ئاشتی و ئاوەدانی ، ماف و دادپەروەری و چارەسەری رەوای مەسەلەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسەروبەندی گۆڕانكاریی ناوچەكە، بە دیالۆگی سیاسیی و ئاشتی و دیموكراتی.

بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و قەیرانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد بێت بە تایبەتی ئیستحقاقی مووچە بە گوێرەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێكەڵكردنی بە دۆسیە سیاسییەكان.

هەر بەو بۆنەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ ئەزموونەكەمان ،هەر وەك بەڵێنی بە خەڵكەكەمان دابوو، دووپاتدەكاتەوە و لە هەموو وێستگەكانی ساڵی 2025یشدا كۆششی ڕەوای بۆ دەكات، بەرەو حكومڕانی و حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پڕۆسەیەكی سیاسی كارا و دیموكرات و دەربەست.

هیوامانوایە ساڵی 2025 ساڵی گەشەی زیاتری پڕۆسەی دیموكراتیی وڵاتەكەمان و ساڵی دابینكردنی ئیستحقاقە دەستوورییەكانی تری كورد بێت.

جارێكی تر پیرۆزە

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share