نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق بە سەردانێكی رانەگەیەندراو گەیشتە تاران

نێردەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق بەیانیی ئەمڕۆ بە سەردانێكی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

سەردانەكەی محەمەد حەسان، نێردەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پاش زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بوو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و محەمەد رەزا سیستانی، كوڕی مەرجەعی شیعەكان لە عێراق.

میدیا رەسمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، حەسان گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی میهرئابادی نێودەوڵەتی و لەگەڵ گەیشتنیدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆكی ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی كۆبووەتەوە.

سەردانەكە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ رۆژنامەی ئەلعەرەب لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵدەدات زۆرترین سود لە شكستی حزبوڵا و روخانی رژێمی ئەسەد ببینێت، بۆ فشاركردن لە سەرۆكی حكومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەک چۆن حەشدی شەعبی بە فەتوای عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان دروستکرا، هەڵوەشانەوەشی پێویستی بە فەتوایەكی نوێی مەرجەعییەتە، ئەنجامدانی ئەمەش بە دوور نازاندرێت.

لە ماوەکانی رابردوودا نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو جار سەردانی سیستانی کردووە، لە کۆتاجاردا پێیراگەیاندووە، “بڕیاری یەکلاکەرەوە کاتی هاتووە”.

سەبارەت بە هەڵوێستی گرووپە چەکدارییەکان رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هەندێك لە گرووپەکان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراقە و دەستوەرنەدان لە کاروباری سوریا و بێبەریبوون لە ئێران، بەڵام پێناچێت سەرجەمیان بە بڕیارەکە رازی بن، کە ئەمەش دەیانخاتە بەردەم گورزی ئەمریکا و ئیسرائیل.

بابەتی پێشتر

تورکیا ئامادەکاری بۆ هێرشکردنەسەر ناوچە کوردییەکان دەکات

بابەتی دواتر

هۆشداری بە نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share