وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و کاروباری کۆمەنوێڵس و گەشەپێدان رێنامییەکانی گەشتکردنی بۆ عێراق کەمکردەوە هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی مەترسییەکانی زۆرینەی ناوچەکانی عێراق بۆ گەشتیاران.
ئەنجومەی کاری عێراق بەریتانی (IBBC) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، وەک بەشێک لە رێبازێکی نوێ و وردتر، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاستی مەترسییەکانی لە ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق کەمکردووەتەوە، لەنێویاندا بەغداد و ناوچەیەکی بەرفراوان لە باشووری بەغدا، و باکووری رۆژهەڵاتی وڵات لە هەرێمی کوردستان بەدرێژایی سنووری لەگەڵ ئێران.
گۆڕانکارییەکە ئەوەیە کە ناوچەکان لە رەنگی سوورەوە کراونەتە رەنگی پرتەقاڵی، سوورئامۆژگاری دەکات کە هیچ گەشتێک نەکرێت بۆ ناوچەکان، لە کاتێکدا پرتەقاڵی رێگە بە گەشتە پێویستەکان دەدات بە ئارەزووی تاک و کۆمپانیا.
جۆن ویلکس، راوێژکاری ئەنجومەنی کاری عێراق-بەریتانیا و باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە عێراق دەڵێت، “ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و پێشوازی لێکراوە کە رەنگدانەوەی پێشکەوتنی ئەرێنییە لە بواری ئاسایشدا، هاوکات زیادبوونی کارەکانی ئاوەدانکردنەوەیە لەسەر زەوی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا”.
ئەمەش لەدوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بوو بۆ بەریتانیا و واژۆکردنی 12 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بوو لە پسپۆڕییە جیاوازەکان لەگەڵ زانکۆکانی بەریتانیا، واژۆکردنی 8 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەریتانیا، واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای بریتانی پترۆلیۆم لە بواری نەوت و وزە و چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لەو وڵاتە.