دوای كۆبوونەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری، وەفدی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەمە لەگەڵ دانای ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوتوێی پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان و دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەگشتی و ئامادەكارییەكانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا.
هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بكرێت لەگەڵ دۆخی ئێستا و پێویستییەكانی ئەم قۆناغە لەپێناو خزمەتكردنی باشتری هاوڵاتییان و ئامادەییشیان دەربڕی كە بەیەكەوە كار لەسەر هێنانەكایەی ژینگەیەكی ئارامی سیاسی بكەن لەپێناو گرتنەبەری هەنگاوی كردەیی بۆ باشتركردنی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتییان.