رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، ئامانجی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تەنها بۆ بابەتی گەشەپێدانە لە بوارەکانی ئابووری و خزمەتگوزاری و زانیارییەکانی هەرکەسێک پارێزگاکەی و زێدەکەی نیشاندەدات و هیچ کێشەیەک لەوەدا بوونی نییە.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوکەوە بڵاویکردەوە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و کەرکوک بۆ گەشەسەندنە و رەنگدانەوەشی بە هەمان ئاقاردایە.
باسی لەوەشکردووە، تۆمارکردنی زانیارییەکانی هەر هاوڵاتییەک لە کەرکوک و لە هەر شوێنێکی دیکە زێدی کەسەکە نیشاندەدات بەگوێرەی کارتی نیشتمانییەکەی بووە و پێویست بە نیگەرانی و گومان ناکات لە هیچ کەموکوڕییەک.
رێبوار تەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەم سەرژمێرییە گەشەپێدانە و لەپێناو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ پارێزگاکان و عێراق بەگشتی لە روانگەی گەشەپێدان و ئابوورییەوە، هەوڵمان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێری لە شارێکی وەک کەرکوک بوو بێگومان تیمی حکومەت بەشدارییان لە هەوڵەکانیاندا کرد بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.