ئەو ئەفسەرەی هیشام هاشمی کوشت “سەر بە حزبوڵای عێراقییە”

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژی هیشام هاشمی-یان بڵاوکردەوە، شەقامی عێراقی جوڵا بۆ زانینی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و پەیوەندیی ئەحمەد عوەید کینانی و پیشەکەی، هەروەها ئەو پاڵنەرانەی وایانکردووە تاوانەکە ئەنجامبدات.

ڕۆژی هەینی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی ئەحمەد کینانی بکوژی هیشام هاشمی ڕاگەیاند، لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا دانپیدانانەکانی کینانی بڵاوکرایەوە.

بکوژەکەی هاشمی ناوی تەواوی ئەحمەد عوەید کینانی-یە و لە عەشیرەتی کینانە، لەکاتی دانپێدانانەکانیدا ئاشکرایکرد، ئەفسەرە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەساڵی 2007دا لە کەرتی سەربازی دامەزراوە و دواتر پلە سەربازییەکانی بڕیوە تاوەکو گەیشتووەتە پلەی ملازمی یەکەم.

چالاکوانانی عێراقی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویانە، پەیوەندیی بە گروپە چەکدارەکانەوە هەبووە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، کینانی پەیوەندیی بە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقییەوە هەیە، کە گروپێکی چەکداری سەربە ئێرانە، هاشمی لە نوسین و قسەکانیدا بەردەوام ڕەخنەی لێدەگرتن.

هەرلەوبارەیەوە کەناڵی ئەلعەرەبیە لەزاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە ئاشکرایکردووە، کینانی لەو دانپێدانانەی لە ڕێگەی میدیاکانەوە پەخش نەکراون دانیناوە بەوەدا کە لە ساڵی 2012ەوە لەڕێگەی هاوڕێیەکییەوە پەیوەندیی کردووە بە کەتیبەکانی حزبوڵاوە.

هەر لەو دانپێدانانەی کە پەخشنەکراوە کینانی وتویەتی، “ئەوانەی دیکە کە لە تاوانەکەدا بەشداربوون، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتووەتە کەتیبەکانیان هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لەو پەیوەندییانە یان هەر سەرەداوێکی دیکە دەکەن بیانبەستێتەوە بەو تاوانەوە، بەرەو ئێران هەڵاتوون، بەڵام من لەبەر پابەندبوونم بە ئەرکەکەم لە وەزارەتی ناوخۆ نەمتوانی هەڵبێم”.

عەشیرەتەکەی کینانی ڕۆژی هەینی بێبەریبوونی خۆی لە ئەحمەد کینانی ڕاگەیاند و عەدنان دەنبوس گەورەی عەشیرەتەکە ڕایگەیاند، “بەناوی خۆم و بە نوێنەرایەتیی عەشیرەتی کینانە، کە بەدرێژایی مێژوو عەشیرەتی قوربانیدان و پاڵەوانان و هەڵوێستە نیشتمانییەکان بووە، بێبەریبوونی خۆمان لە تاوانباری بکوژ (ئەحمەد حەمداوی عوەید) ڕادەگەیەنین و ئەو تاوانە ڕەتدەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین”.

لەلایەکی دیکەوە عەمید یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەداخەوە بکوژی هیشام هاشمی ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە، وتیشی “بەدڵنیایی سزاکەی قورس دەبێت بەهۆی ئەوەی ئەفسەر بووە لە دەزگا سەربازییەکان”.

زۆرینەی داواکاریی عێراقییەکان بۆ ئەوەیە کە ئەو لایەنە ئاشکرا بکرێت لەپشت ئەنجامدانی ئەو تاوانەوەن و کینانی پەیوەندیی هەیە پێیانەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ئاشکرایانکرد، سەر بە هێزێکی چەکداری دەرەوەی یاسایە.

بەڵام ئەو بەشەی دانپیدانانەكەی کینانی كە بڵاوكرایەوە، بەڕوونی باسی لەو لایەنە نەکرد لە لەپشتیەوەبوون، بەوەی ناوەندی کارکردن و دەرچوونیان ناوچەی “بوعیسە” بووە لە باشووری  بەغدادی پایتەخت، لە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی نزیک ڕووباری دیجلە، لە هەمانکاتدا چەکدارانی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی لەو ناوچەیەدان، هەروەها هەندێک ناوچەی گرنگی تێدایە کە کۆنترۆڵیان کردووە و ژمارەیەک بارەگایان لەو ناوچەیە هەیە، بەجۆرێک كە دوورە لە شار و چاودێریی ئەمنی، هەروەها ڕەچاوی پارێزگاری لە هەر بۆردومانێک کراوە.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ئەندامانی کەتیبەکانی حزبوڵایان لەو ناوچەیە دەستگیرکرد بەتۆمەتی بۆردومانکردنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان و باڵەخانە حکومییەکان.

لەگەڵ ئەوەی کینانی باسی لە هۆکاری ڕاستەقینەی ئەنجامدانی تاوانەکەی نەكرد، بەڵام نەبراس کازمی توێژەر و شارەزا لە کاروباری عێراق و نزیک لە حکومەت دەڵێت، ئەوەی لە قسە و دانپێدانانەکانی کینانی-دا دەردەکەوێت پاڵنەری سەرەکی کوشتنی هاشمی ئەوەبووە کە “نزیکبووە لە ئەمریکییەکانەوە”.

 

 

بابەتی پێشتر

لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان داوایكردووە سكاڵا دژی توركیا تۆماربكرێت

بابەتی دواتر

ئامانجی سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share