هەڵبژاردن لە عێراق.. 438 پارت و هاوپەیمانێتی داوای بەشدارییان كردووە

دروشمی یەكێك لە خۆپیشاندانەكانی پێشوو لە عێراق

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەڵێت، 438 پارت و هاوپەیمانیی سیاسی ویستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق پێشكەشكردووە، بەڵام 120 پارتیان مەرجەكانیان تیادانەبووە و 17 پارتیشیان داواكەیان كشاندووەتەوە.

جومانە گلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، كۆی ئەو داخوازییانەی بۆ تۆماركردن لە هەڵبژاردنەكانی پێشووەوە تائێستا پێشكەشكراون گەیشتووەتە 438 داخوازی، لەنێویاندا 230 پارتی ڕێپێدراو هەیە لەگەڵ 62 پارت كە تازە دامەزراون.

ئەوەشی وت، “لە كۆی داخوازییەكان بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران 128 داواكاری رەتكراوەتەوە و ئەو پارتانەش كە داوای كشانەوەی ناوەكانیان و پاشەكشەیان لە پڕۆسەكە كردووە، 17 پارت و لایەنی سیاسیین”.

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003-ەوە زیادبوونی پارت و لایەنە سیاسییەكان یەكێكە لە دیاردە بەرچاوەكانی عێراق.

بە پێی یاسای پارتە سیاسیەكان كە لە ساڵی 2015 پەسەندكراوە، پێویستە دەستەی دامەزرێنەری حزب لە حەوت كەس كەمتر نەبێت و ژمارەی ئەندامانی حزبەكەش كەمترنەبێت لە دوو هەزار ئەندام، جگە لە ڕەچاوكردنی ڕێژەی ژنان تیایدا.

سەبارەت بە پارتی تایبەت بە پێكهاتەكانیش مەرجی 500 ئەندام دیاریكراوە.

دوێنێ جومانە گلای، وتەبێژی کۆمسیۆن وتی، ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن و مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 دەنگدەرن، بەڵام ئەوانەی لە بایۆمەتری ناوی خۆیان تۆمارکردووە ژمارەیان 15 ملیۆن دەنگدەرن.

وتیشی، “بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناویان تۆماربکەن دەرفەتیان هەبێت ڕۆژانی پشوو بنکەکانی بایۆمەتری مامەڵە بۆ دەنگدەران دەکەن، زۆرترین ئەوانەشی لە پشووەکاندا سەردانی بنکەکان دەکەن فەرمانبەرانن و ژمارەی سەرجەم بنکەکانی بایۆمەتری 1079 ناوەندن”.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە وادەی 6ی حوزەیرانی داهاتووی بۆ پێشنیاركرابوو و لە ئێستاشدا ئەگەری دواخستنی بۆ تشرینی یەكەمی داهاتوو لەسەر خواستی كۆمسیۆن لە ئارادایە، بۆ یەكەمجارە بە فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت، لەكاتێكدا هەڵبژاردنەكانی پێشوو بە پێی سیستمی (سانت لیگۆ) و یەك بازنە، یان بە پێی پارێزگاكان ئەنجامدراون.

بابەتی پێشتر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان: کوردێک لە بەندیخانەی سنە لە سێدارەدرا

بابەتی دواتر

لە نێوان تایمەکاندا بەهۆی کۆرۆناوە ئاڵوگۆڕی پێکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share