بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی لە دوو رۆژی ئایندەدا باران و بەفر دەبارن و پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە.
دەستەی كەشناسیی عێراق رایگەیاند، كەشوهەوای سبەینێ لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارانبارین بە بڕی كەم و مامناوەند لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، باكوور و بەشی رۆژهەڵاتی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات.
دەشڵێت، “ئەگەری بەفربارینیش هەیە لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان، پلەی گەرمیش لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكوور دادەبەزن”.
دەربارەی كەشوهەوای رۆژی سێشەممەش دەڵێت، ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ بارانبارینی كەم تا مامناوەند و هەندێك كات بەخوڕ لە هەرێم و ناوچەكانی باكوور و، ئەگەری بەفربارین لە هەندێك ناوچەدا.
ئەگەری بارانبارین بۆ رۆژی چوارشەممە بە لاوازی دەمێنێتەوە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی باكوور، وەك ئەوەی لە پێشبینییەكانی كەشناسیی عێراقدا هاتووە.
ئاماژەشدەدات، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت.