بەشی بەدواداچوونی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی: گردی مامە یارە لە دەستێكی ئەمین دایە

بەشی بەدواداچوون و چاودێریی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی میدیای پارتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، گردی مامە یارە لە دەستێكی ئەمین دایە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

لەبارەی گردی مامە یارە، (59) جار ناڕاستیتان فەرموو

لە رۆژانی رابردوودا، كە یادی ساڵرۆژی بنیادنانی شاری سلێمانی بوو، میدیای بەناو سێبەری پارتی و هاوئاوازەكانیان وەك پیشەی هەمیشەییان و بۆ مەرامی ناشیرینكردنی شاری سلێمانی، هەڵمەتێكی چەواشەكارانەی فراوانیان دەستپێكرد، گوایە گردی مامە یارەی شاری سلێمانی دەكرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون، بۆ ئەو مەرامە (59) هەواڵی چەواشەكاری لە (59) سەرچاوەی میدیایی بڵاوكراونەتەوە.

لە بەرامبەر ئەو چەواشەكارییانەدا دەڵێین: خەمی گردی مامە یارەتان نەبێت و گردەكە لە دەستێكی ئەمین دایە. بڕۆن خەمێك لە گردەكانی هەولێر تا دەگاتە سەلاحەدین بخۆن كە لەو دەیان گردە مێژووییانە تاكە گردێك نەماوە داگیرنەكرابێت، خەمێكی گردە گرنگ و مێژووییەكانی رەواندز و سۆرانی مەملەكەتی پاشای گەورە بخۆن، كە هەموو گردەكان بەناوی كەرتی تایبەتەوە بۆ لایەنێكی سیاسی پاوانكراون، بڕۆن خەمێك لە گردەكانی زاخۆ و شاری ئاكرێ‌ بخۆن، كە دەیان گردی گرنگ و مێژوویی لەو دوو شارە داگیركراون، بڕۆن خەمی شاخەكانی ئەو دەڤەرە بخۆن، چونكە جگە لە گردەكان دەستیان بەسەر شاخە گرنگ و ستراتیژییەكاندا گرتووە، سەیركەن شاخی كۆڕەك لەلایەن كێوە پاوانكراوە و كراوەتە سەرچاوەیەكی دارایی، سەیری شاخی زاوای شاری دهۆك بكەن و بزانن چ لایەنێك بە ناوی كەرتی تایبەتەوە دەستی بەسەر شاخەكەدا گرتووە و وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی دارایی بۆ خۆیان بەكاری دێنن لەگەڵ چەندان گرد و زنجیرە شاخی دیكەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان.

لەكۆتاییدا دەڵێین ئێوە راستگۆ نین بەرامبەر خەڵكی كوردستان و خەمی گرد و شاخەكانی كوردستانتان نییە و تەنها دەتانەوێ‌ رق و كینەی خۆتان بەرامبەر شاری هەڵمەت و قوربانی داڕێژن، بۆیە لە بەرامبەر ئەو (59) هەواڵە ناڕاست و چەواشەكارییانەتان (59) جار پێتان دەڵێین ناڕاستیتان فەرموو.

بەشی بەدواداچوون و چاودێری بۆردی راگەیاندنی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

کامێرای چاودێریی خێرایی لە شوێنێکی دیکە دادەنرێت

بابەتی دواتر

ئەمیری کوردستان دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share