دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، هەر هاوڵاتییەک بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کەرکوک و شوێنی مانەوەی نەبێت هاوکاریی دەکەن.
دارا رەشید رایگەیاند، دەبێت هاوڵاتییان ئەوە بزانن کە ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، پێویستە ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هاوکاریی بژمێرەکان بن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد دەشكێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕی ئێمە لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانە، داوا لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکەین ستەم لە خۆیان و لە مێژوویان و لەو میراتەی باو و باپیرانیان بۆیان جێهێشتوون نەکەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئەمڕۆ دوا دەرفەتە.
باسیلەوەشکرد، دەبێت هەر کەرکوکییەک لە هەر شوێنێک بێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، هیچ کەرکوکییەک نییە خزمێک کەسێکی لە کەرکوک نەبێت ئەم چەند رۆژە بچێتە ماڵەکەی، ئەگەر هەر نەبوو کەسێک پێویستی کرد لە هۆتێل بمێنێتەوە ئێمە وەک حکومەت هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەکەین.