بەشێكی زانكۆی سلێمانی هیچ خوێندكارێكی بۆ نەچووە

بەڕێوبەری تۆماری زانكۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، یەكێك لە بەشەكانیان كورسییەكانی چۆڵن و هیچ خوێندكارێكی بۆ نەچووە.

د. سەركۆ محەمەد، بەڕێوبەری تۆماری گشتیی زانكۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 55 هەزار خوێندكار ناوی خۆیان لە زانكۆلاین تۆماركردووە و زۆرینەیان ناویان هاتووەتەوە، ئەو بەشە كەمەی ناوی نەهاتووەتەوە یان پیشەییە، یان دەرچووی ساڵانی رابردوون یاخود دەرچووی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن.

دەربارەی ئاستی بەش و كۆلێجەكان و خواست لەسەریان وتی، “بەشێوەیەكی گشتی هەموو بەشێك باشە، پێداویستیی دروستكردنی وڵات بە هەموو بەشی زانكۆكانە، بەڵام زۆرترین خواستی خوێندكاران لەسەر بەشە پزیشكییەكانە، بەڵام ئەوانیش وا وردە وردە خواستیان لەسەر كەمدەبێتەوە، بەتایبەت بەشە پزیشكییە نزمەكان”.

بەشێوەیەكی گشتی كۆنمرەی وەرگرتن بۆ هەندێك كۆلێج دابەزیوە، بەڵام بۆ هەندێكی دیكەیان بەرزبووەتەوە، د. سەركۆ محەمەد وای وت و روونیشیكردەوە، كۆلێجە پزیشكییەكان، پەیمانگا پزیشكییەكان، كۆلێجە ئەندازیارییەكان، كۆمپیوتەر و ئایتی و زمانی ئینگلیزی ئەو كۆلێج و بەشانەن كە كۆنمرەی وەرگرتنیان بەرزبووەتەوە و بەشەكانی دیكەش بە نزیكەیی وەك ساڵانی رابردوون.

دەربارەی ئەوەی كام بەش كەمترین خواستی لەسەرە، بەڕێوبەری تۆماری گشتیی زانكۆ باسی لەوەكرد، بەشێكی زۆر زۆر گرنگ كە بواری ژینگەیە، یەكێكە لەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە جیهاندا زۆرترین باسی لێوەدەكرێت، كەمترین خوێندكاری بۆ چووە و بەشێكی كۆلێجەكەش هیچ خوێندكارێكی بۆ نەچووە.

ئەوەشی وت، “بەڵام نازانم كێشەی تەكنیكییە لە زانكۆلاین، یان كەمی خواستە لەسەر ئەو بەشە، لەكاتێكدا باشترین هەلی كاری هەیە” ئاماژەشیدا، لەهەمان كاتدا كۆلێجە زانستە مرۆڤایەتییەكان خواستی كەمتریان لەسەرە بەراورد بە كۆلێجەكانی دیكە.

ئاشكراشیكرد، بۆ ئەمساڵ لە زانكۆی سلێمانی دوو بەشی نوێ كراونەتەوە، كە یەكێكیان بەشی دروونناسی-یە لە كۆلێجی پەروەردە، 50 كورسی هەیە و سەرجەمی پڕكراوەتەوە، ئەوەی دیكەش كارگێڕیی ژینگە-یە، كە ژمارەیەك خوێندكاری بۆ چووە و یەكێكە لە بەشە گرنگەكان.

دەربارەی مامەڵەی خوێندكارانی تازە وەرگیراویش د. سەركۆ محەمەد روونیكردەوە، خوێندكاران ئۆنلاین لەڕێی سایتی زانكۆوە دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن رابكێشن و مامەڵەكان بە ئەلیكترۆنی ئەنجامبدەن و دواتریش فایلی مامەڵەكانیان بگەیەننە تۆماری كۆلێجەكانیان.

بابەتی پێشتر

نرخی زێڕ لە چاوەڕوانی دوو رۆژی گرنگدایە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی تورکیا کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share