لەسەر دەنگۆی دروستكردنی زەیتی خۆراك لە مۆم و كریستاڵ و نەوت ڕوونكردنەوە دەدرێت

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم دەربارەی توێژینەوەیەك كە باس لە دروستكردنی زەیتی خۆراك دەكات لە مۆم، كریستاڵ و پاشماوەی نەوت دەڵێت، توێژینەوەی لەو جۆرە بوونی نییە.

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند، لە مانگى ڕابردوودا هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە توێژینەوەیەک لە کۆلێجى زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکانى زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجامدراوە بۆ چەند جۆرێکى زەیت کە لە بازاڕەکاندا هەیە و گوایە پێنج جۆر لەو زەیتانە شیاونین بۆ خواردن و لە مۆم و کریستاڵ و پاشماوەى نەوت دروستکراون و دەبنە هۆى جەڵتە.

دەڵێت، هەر ئەوكات داوایان لە زانکۆی سەڵاحەدین و کۆلێجى ناوبراو کردووە توێژینەوەكەیان بۆ ڕەوانە بكەن، بەڵام زانكۆی ناوبراو ڕاپۆرتێکى (پ.ی.د. ڕابەر فەتاح) مامۆستاى کۆلێجى ناوبراویان بۆ ڕەوانەكردوون كە گوایە ئەنجامدەرى توێژینەوەکەیە و تێیدا هاتووە بابەتەکە پەیوەندى بە پۆستێکى دوو ساڵ پێش ئێستاوە هەبووە کە باسى گرنگیى ئەنجامدانى توێژینەوە دەکات و داواکراوە گرنگى بە بەرهەمە خۆماڵیەکان بدرێت.

وەزارەتی بازرگانی دووپاتیشیدەكاتەوە، “هیچ توێژینەوەیەک لەوبارەیەوە ئەنجامنەدراوە و بوونى نییە، هیچ لێدوانێكیش لەوبارەیەوە نەدراوە”.

دەنگۆی توێژینەوەكە نیسانی ڕابردوو لەلایەن میدیایەكی پارتییەوە بڵاوكرایەوە و گوایە بۆ هەشت جۆر زەیتی ڕووەكی لە هەرێمی کوردستان كراوە، دەركەوتووە، پێنج جۆریان مۆم و كریستاڵە کە لە پاشماوەی نەوت دروستكراوە و بۆ خواردن ناشێن و دەبنە هۆی تووشبوون بە جەڵتە و چەندین نەخۆشیی دیکە.

هاوكات لە زاری د. رابەر فەتاح دەڵێت، “لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە بەشێک لەو زەیتانە نەک هەر گونجاو نین بۆ خواردن، بەڵکو بەشێکیان یەکجار ترسناک و زیانبەخشن، هەر ئەوەش هۆکارە بۆ دەیان جۆر لە نەخۆشی، بەتایبەت؛ دڵ، جەڵتە، سەرئێشە و چەندینی دیكە”.

بابەتی پێشتر

شەپۆلێكی تری خۆڵبارین بەڕێوەیە و پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

بابەتی دواتر

125 ملیۆن ساڵ کۆنە.. شوێنەواری داینەسۆڕێک لە چین دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share