پەرلەمانتارێك: تەوتین گەرەنتیی دادگای فیدراڵییە بۆ مووچە

پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، تەوتین گەرەنتیی دادگای فیدراڵییە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دەبێت بپارێزرێت و دەشڵێت، هیچ پێویست نییە حكومەتی هەرێم شەڕی بانكی ئەهلی بكات، بەڵكو دەبێت شەڕی ئەوەبكات كە چۆن مووچە زامن دەكات.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، تەوتین بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بڕیاری دادگاكەش كۆتایی و مولزیمە و دەبێت جێبەجێ بكرێت و، بەشێكە لەو گەرەنتییانەی دادگا بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دایناوە.

وتیشی، “هەژماری من دەبێت بە بەشێك لە تەوتین، لەكاتێكدا ئەگەر مەرجەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و دادگای فیدراڵی تیابێت، ئەویش ئەوەیە ئەو بانكانە تەوتین بكەن كە فیدراڵی بن و لەژێر رێوشوێن و رێنمایی بانكی ناوەندی بن و لە دەرەوەی هەرێم بن”.

واتە بنكە سەرەكیی بانكەكە لە دەرەوەی هەرێم ببێت، بەڵام دەكرێت لقی هەبێت لە هەرێم، موسەننا ئەمین وای وت و ئەوەشی خستەڕوو، “بانكی (تی بی ئای) یەكێكە لەو بانكانەی لە عێراق لە تەوتیندا هەیە، لە هەژماری من-یشدا هەبێت دەبێت بەو مەرجانە بێت كە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق دایانناوە”.

دەربارەی هەوڵی لایەنێكیش بۆ رێگری لە “تەوتین”ی مووچە ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، رێگریكردن لە تەوتین، دڵەڕاوكێ و گومانی زۆر دروستدەكات لەسەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئامانج لێی چییە؟ لەكاتێكدا هیچ دەسەڵاتێكدا لە دونیادا نییە مووچەخۆرێك ناچاربكات، كە لەو بانكە مووچە وەربگرێت و لەوی دیكە وەرینەگرێت.

دووپاتیشیكردەوە، تەوتین لە بانكێكی فیدراڵی بەشێكە لە گەرەنتی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و پێمانوایە دەبێت ئەم گەرەنتییە رێزی لێبگیرێت و، هیچ پێویست نییە حكومەتی هەرێم شەڕی بانكی ئەهلی بكات.

موسەننا ئەمین ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو شەڕەی حكومەتی هەرێم و ئێمەش دەبێت بیكەین، ئەوەیە چۆن مووچەی مووچەخۆران زامن بكەین، بەجۆرێك دووربێت لە دڵەڕاوكێ و مەرجەكانی بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراقی تیابێت، بۆ ئەوەی بیانوو نەبێت بۆ بڕینی مووچە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا: 696 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم وەرگیراون

بابەتی دواتر

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا دەستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەداخەوە كە یادی ڕۆژنامەگەریی دەكەینەوە هێشتا هەندێك لە سزادراوانی بادینان ئازادنەكراون

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “بەداخەوە ئەمڕۆ كە یادی ئەم ڕۆژە مێژووییە…
Total
0
Share