بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک نزیکەی 100 کارمەند بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەوە، بایکۆتی دەوامیان کردووە.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ژمارەی کارمەندەکان 100 کارمەند دەبێت و بەهۆی ئەوەی پێنج مانگە بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچووە، بەڵام دانەمەزراون و مووچەیان وەرنەگرتووە بڕیاری بایکۆتیان داوە.
پێشتر، بڕیاری دامەزراندن بۆ ئەو کارمەندانەی تەندروستی دەرچووە، بەڵام بڕیارەکەیان دەرنەکراوە و هەروا پرسەکەیان بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کارمەندانە، داوای ئەوە دەکەن دابمەزرێن و مووچەکانیان پێبدرێت، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری بابەتەکەیە بەڵام هێشتا کێشەکەیان چارەسەرنەکراوە.
جێگەی ئاماژەیە هیچ کام لە کارمەندەکان نەیانویستووە دەربکەون یاخود روونکردنەوەی لەبارەی دۆخیانەوە بدەن بەهۆی ترسیان لە رووبەڕووبوونەوەی سزا و تووشبوونیان بە کێشە لەلایەن بەرپرسانی ئیداری و حزبی ناوچەکەوە.