چۆن بزانین گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە ساختەیە یان راستی؟

توێژەرێكی بواری ژیریی دەستكرد دەربارەی ئەو تۆمارە دەنگییەی بەناوی گفتوگۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی-یەوە بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، ئەگەر تێبینی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە بکەن، خاڵییە لە هەناسەی سروشتی کە هەموو مرۆڤێک لەکاتی قسەکردندا و بەخۆڕسکی هەیەتی و دەشڵێت، هیچ کات دەربڕین و قسەکردنی مرۆڤ بۆ ماوەی نزیکەی دوو خولەک، لەسەر یەک چینی دەنگیی نییە و زۆر ئەستەمە کەسێک بتوانێت سەدان وشە لەسەر یەک چین و ئاواز دەربڕێت.

ئەركان جەبار، توێژەری بواری ئەپ و پلاتفۆرمەکانی ژیریی دەستکرد، لە نووسینێكدا وردەكاریی تۆمارەكە رووندەكاتەوە:

لە چوارچێوەی تاوسەندنی زیاتری بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی دامەزراوەکانیەوە، فایلێکی دەنگیی (خولەکێک و 56 چرکە) بڵاوکردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان کاک بافڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاک قوباد جێگری سەرۆکی حکومەتە، کە تیایدا بە زمانی ئینگلیزی باسی کۆمەڵێک بابەت دەکەن، کە کاری من نییە باس لە ناوەڕۆکی قسەکان بکەم و ئەوەی پەیوەندیی بەم بابەتەی منەوە نییە.

وەکو توێژەرێک کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی تیۆری و پڕاکتیکیم لە بارەی ئەپ و پلاتفۆرمەکانی ژیریی دەستکرد و بەتایبەت ئەو توڵانەی کە لە چوارچێوەی ساختەی قوڵدا (Deepfake) و بەرهەمهێنانی دەنگ (Voice Over) و وێنە و ڤیدیۆی ساختە، بەپێویستی دەزانم تێبینی تەکنیکی خۆم لەبارەی ئەو بەرهەمە دەنگییە بخەمەڕوو، بەبێ ئەژمارکردن بۆ سیاسەتی هیچ لایەنێکی سیاسی (خۆشبەختانە دوو ساڵە لە هەموو کارێکی سیاسی و ئینتیمای حزبی بەدوورم).

– هەر بەرهەمێکی فەیک و دروستکراو بە ئەپەکانی ژیریی دەستکرد، لەڕووی کوالێتی و تەکنییکەوە دوو جۆرن، یەکەمیان ئەوەیە کە چاو و گوێی بەکارهێنەری ئاسایی کەشفی دەکات و بە کوالێتییەکی نزم ساختەکراون و پێویستیی بە وردبوونەوە نییە، بەڵام جۆری دووەمیان زادەی کار و هەوڵێکی تاقەتپڕوکێنە و جگە لە پسپۆڕانی بواری تەکنۆلۆجیا و بەتایبەت ژیریی دەستکرد، ئەستەمە بتوانرێت و بزانرێت ئەو بەرهەمە (ڤیدیۆ یان دەنگ یاخود تێکست) ساختەیە یان راست و دروستە.

لەو سۆنگەیەوە، هەرچەندە دوای تەنیا دوو جار گوێگرتن لەو بەرهەمە دەنگییەی نێوان (کاک بافڵ) و (کاک قوباد) سەد لە سەد دڵنیابوومەوە لەوەی فەیک و دروستکراوە، بەڵام هەر بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر، لە رێگەی چەند ئەپێکی ژیریی دەستکردەوە، چێکی ئەو فایلە دەنگییەم کرد و دەرکەوت کە پەنجەمۆری دەنگیی (Voice Printing) ئەو دوو کارەکتەرە وەرگیراوە و دواتر تێکستێکی ئامادەکراو لەسەر هەمان ژێ و تۆنە دەنگییەکان لە رێگەی (AI)یەوە خوێنراوەتەوە و کراوە بە تۆمارێکی دەنگی.

چۆن دەزانرێت ئەو بەرهەمە دەنگییە ساختەیە؟
1- ئەگەر تێبینی بکەن، زمانی قسەکردنی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە بە ئینگلیزییە..!! ئەی بۆچی بە کوردی نییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ئەپەکانی ژیریی دەستکرد زۆر بە زەحمەت پەنجەمۆر یان سامپڵی ژێ و تۆنە دەنگییەکانی ئاخاوتن بە زمانی کوردی شیدەکەنەوە، بۆ ئەوەی راستەوخۆ نمونەی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەو مامەڵە تەکنیکییە لە رووی کوالێتی و کاتەوە بۆ زمانی ئینگلیزی زۆر ئاسانە، بۆیە ئەو لایەنەی کە ئەو بەرهەمە دەنگییەی ساختە کردووە، پەنای بۆ زمانی (پیت و دەستەواژە و دەربڕینی) ئینگلیزی بردووە.

2- یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بەرهەمی دەنگیی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، ئەوەیە کە ناتوانێت دەنگێکی سروشتیی ئاسایی بەرهەمبهێنێت، بەتایبەت لە رووی بوونی هەناسەی سروشتیی لەنێوان ماوەی قسەکردنەکاندا، ئەگەر تێبینی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنەی نێوان (کاک بافڵ) و (کاک قوباد) بکەن، خاڵییە لە هەناسەی سروشتیی کە هەموو مرۆڤێک لەکاتی قسەکردندا و بەخۆڕسکی هەیەتی.

3- داننەنان بە وشەکان، یەکێکی ترە لە خاڵە لاوازەکانی ئەو بەرهەمە دەنگییانەی کە بەژیریی دەستکرد بەرهەمدەهێنرێن، ئەمە جگە لەوەی تێکەڵی و ژاوەژاو و چوینەوەی پیتەکان لە دەربڕینی وشەکاندا دروست دەبێت وەک ئەوەی لەو بەرهەمە دەنگییەدا بەڕوونی تێبینی دەکرێت.

4- هیچ کات دەربڕین و قسەکردنی مرۆڤ بۆ ماوەی نزیکەی دوو خولەک لەسەر یەک چینی دەنگیی نییە و زۆر ئەستەمە کەسێک بتوانێت سەدان وشە لەسەر یەک چین و ئاواز دەربڕێت.. ئەمە تەنیا کار و لێهاتوویی رۆبۆتە.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کە جیهان لە ماراسۆنێکی خێرای پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و ئەپ و پلاتفۆرمەکانی ژیریی دەستکرد-دایە، پێویستە هەموو بەکارهێنەرێکی تەکنۆلۆجیا و لەنێویدا ئامرازەکانی سۆشیال میدیا، زانیاری و هۆشیاریی بەرایی هەبێت لەبارەی بەرهەمە فەیکەکانەوە. بەو ئومێدەی توانیبێتم بە زمانێکی سادە و دوور لە ئاڵۆزیی تەکنۆلۆجیا، بۆچوونی خۆمم لەبارەی ئەو بەرهەمە ساختەیەوە روون بکەمەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی نەوتی عێراق: دەستمان بە هەناردەی سووتەمەنی فڕۆکە کرد

بابەتی دواتر

وتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی: لای پارتی هێشتا شۆڕشی پیشەسازی دەستی پێنەکردووە و لە چاخی بەردیندا دەژین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆن وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، لە سبەینێوە تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە…
Total
0
Share