پارێزگاری سلێمانی بۆ مامۆستایان: دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوە

پارێزگاری سلێمانی داوا لە مامۆستایان دەکات بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و دەڵێت، “بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت بەردەوامبن”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی مامۆستایان کرد و دەڵێت، “مافی ئێوە و سەرجەم مووچەخۆرانی تریش مافێکی سروشتیی و یاسایی و کەسیی هەر یەکەمانە و، نکۆڵیی لە کەمتەرخەمیی و خراپ ئیدارەدانی وڵات و دارایی و زامن نەکردنی یاساییانە و ئاساییانەی مووچە و بوجە؛ لە هەردوو حکومەتی ئیتحادیی و هەرێمی کوردستان بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو ناکرێت”.

راشیگەیاند، “پشتیوانەکانتان لە هەموو فەرمانگە خزمەتگوزاریی و ئارامیی و کارگێڕیی و یاساییەکاندا؛ لە پێناوی چاکەی گشتیی و پاراستنی تەندروستیی و ئاسایش و ئارامیی و ئاو و کارەبا و رێگاوبان و شارەوانیی و …تاددا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت بەردەوامبن”.

دەشڵێت، “سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندکار لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆکاندا چاویان لە دەستپێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، مووچە و ماف و شایستە داراییەکان بە یاسا نابێت زایەبن و، لەهەر دۆخێکدا دەبێت قەرەبووبکرێنەوە، ئەوەی قەرەبووناکرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارە کە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپ ئیدارەدان بنەبڕبکات”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا باس لەوەشدەكات، “بە هەوڵی زانایانە و جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردە و فێرکردن و کەمترین رێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمی هەموو عێراقە، وەک هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق وتی، (مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت)”.

هەروەك بە ناوی هەموو خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە مامۆستایان دەکات دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوە و پۆلەکانی خوێندن گەرمبکەنەوە “تەنها لە پێناوی نەوەکانماندا و هیچی تر”.

دەشڵێت، “داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵک و مووچە و بوجەی هاوڵاتیان تێکەڵ بە هیچ دۆسییەیەکی تر نەکات، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی و بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و مووچەی بەردەوامی کەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبکات و خەرجبکات”.

زیاتر لە مانگێک بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە کە وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێم دیاریکراوە، بەڵام مامۆستایان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بەهۆی ئەوەی مووچەیان پێنەدراوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.

#ئێستا

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: سەرژمێریکردن هەموو عێراق دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

پێشبینییەک: تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی بەغداد 13 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share