ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چوار بڕیاری دەركرد و بەگوێرەی یەكێك لە بڕیارەكانیش هەردوو كۆڵانی 29 و 43 لە گەڕەكی عەقاری دەكرێن بە گەشتیاریی و بازرگانیی بەپێی ئەو مەرجانەی كە بۆیان دیاریدەكرێت بڕیارەكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی شارەوانی دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی جێگر و ئەندامانی ئەنجومەن ئەنجامدا، لەو دانیشتنەدا كە نزیكەی پێنج كاتژمێری خایاند، ئەم تەوەرانە تاوتوێكران و بڕیاریان لەسەردرا.
یەكەم:
چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی بڕیاری لەسەردرا بۆ خزمەتی چەند گەڕەكێكی هەژارنشین.
دووەم: رێكارەكانی ئامادەكردن و دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا گفتوگۆیەكی گەرمی لەسەركرا، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە دوای گەڕاندنەوەی ناوەكان لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار.
سێیەم: تیشكخرایە سەر ناوەندی شار و پاراستن و مانەوەی بەشێوە ڕەسەنەكەی خۆی لەڕووی كەلەپووری و شوێنەوار”ەوە.
چوارەم: بڕیاردرا كە هەردوو كۆڵانی 29 و 43 لە گەڕەكی عەقاری كە پێشتر ئەندامانی ئەنجومەن ڕەزامەندییان لەسەر دابوو كە بكرێن بە ”گەشتیاریی و بازرگانیی” بەپێی ئەو مەرجانەی كە بۆیان دیاریدەكرێت بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەروها دراسەی كۆی زۆنەكانی تر بكرێت لەو ناوچەیەدا.