مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی كوردێك بۆ پارێزگاری نوێی كەركوك دەكات و دەڵێت، لەمڕۆوە پارێزگاكە پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، لەم ساتە گرنگە مێژوویەدا پیرۆزبایی گەرم لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی و كەركوكییەكان بە تایبەتی دەکەین، کە دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، ئیمرۆ ئەو مافەی بۆ کەرکوکییەکان کرابووە گرێیەکی ئاڵۆز، کرایەوە و جارێکی تر کوردێک، لەناو کوردیشدا کاندیدی لیستی براوەی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە)، کاندیدی یەکێتی هەڤاڵ رێبوار تەها بە پارێزگاری نوێی شارەکە هەڵبژێردرا.
ئاماژەشدەدات، “ئەم دەسکەوتە چەندە بۆ یەکێتییەکان سەرکەوتنە، هێندەش بۆ گشت پێکهاتەکانی کەرکوک بەبێ جیاوازی گرنگە”.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دووپاتیشیدەكاتەوە، لەمڕۆوە پارێزگای کەرکوک پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، چونکە هەڤاڵ رێبوار بە گیانێكی بەرپرسیارانەوە لەسەر رێچكەی پێکەوەژیان خزمەتی گشت پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایە دەكات و ئەو بەڵێنانەی كە دابویان بە بەرنامەیەكی چڕەوە وەک خۆیان و بەبێ جیاوازی جێبەجێیان دەکات.