10 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا یەكەم رووبەڕووبوونەوە نەك هەڵاتن بەرامبەر چەكدارانی رێكخراوی داعش تۆماركرا و سەركەوتن لە رزگاركردنی مەخمور و پاراستنی هەولێر راگەیەندرا.
ئەمڕۆ 10ی ئاب، دە ساڵ بەسەر ئازادكردنی شارۆچكەی مەخمور لە چنگی چەكدارانی داعش تێدەپەڕێت، كە هێزەكانی دژەتیرۆر و پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامیاندا.
بەر لەو رۆژە نەك تەنها مەخمور، بەڵكو هەولێر-یش لە بەردەم مەترسیی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوو، خەڵك بە لێشاو هەڵاتن، بەهۆی ئەوەی پێشتر هەڵاتنی پێشمەرگەكانی پارتی-یان لە شەنگال و دواتریش خودی مەخمور بینیی بوو، بەڵام ئەمجارە دژەتیرۆر و پێشمەرگەی یەكێتی هاوكێشەكەیان پێچەوانە كردووە، مەخمور رزگاركرا و هەولێریش بە پارێزراوی هێڵدرایەوە.
وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر دەڵێت، “دروست 10 ساڵ بەر لە ئێستا بوو، تەنها چەند رۆژێك پاش بەدەستەوەدانی شەنگال و واڵاكردنی سەنگەرەكان بە رووی تیرۆرستانی داعش و چۆڵكردنی چەندین ناوچە بەبێ بەرگری و مەترسی كەوتنە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بوونە گومەزێكی ئاسنین بۆ پاراستنی پایتەختی هەرێمی كوردستان و رمێكی تیژ بە رووی تیرۆرستانی داعش و توانرا بە كاتژمێر و نیوێك مەخمور لە تیرۆرستان پاكبكرێتەوە”.
وەهاب هەڵەبجەیی باس لەوەش دەکات، وەك سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی پێدا، بە تەنها 88 پێشمەرگەی دژەتیرۆر توانیان مەخمور ئازادبكەن و ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە لەسەر دەستی كوڕانی دژەتیرۆر توشی یەكەم شكستی خۆی بوو لە سنووری خاكی كوردستان لە كاتێكدا ئەو رێكخراوە لە تێكشكاندنی سوپای دوو وڵات گەڕابوویەوە.
لەبارەی ئەو شەڕەوە پێشتر لیوا ئەیوب یوسف، سەرپەرشتیاری لیوای 3 و 7ی تایبەت رایگەیاند، لەو رۆژەدا داعش بە هێزێكی زۆرەوە دژە هێرشی ئەنجامدا و بەشێكی زۆری هێز و لیواكان كشانەوە “ئێمە نەبێت كە بەهیچ شێوەیەك پاشەكشەمان نەكرد و داعشمان بەزاند”.
دەشڵێت، هێزەكانی دژەتیرۆر و چەندین لیوای پێشمەرگە بەشداری ئەو شەڕەیان كرد و رۆڵی گرنگیان هەبوو.