زنجیرەی دواخستنی دادگاییكردنی زیندانیكراوانی بادینان بەردەوامیی هەیە

بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی دیكەی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگاییكردنەكە دواخرا، پاسەوانانی بەردەم دادگای هەولێریش ڕێگری لە تۆڕی میدیایی ئێستا دەكەن بۆ ڕووماڵكردن.

پێشتر بەشدار حەسەن، پارێزەری كەیسی دەستگیركراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، ئەمڕۆ دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی دیكەی بادینان بەناوەكانی ” فرسەت ئەحمەد، سلێمان کەمال، عامر خالید، سلێمان موسا و جەمال خەلیل” بەڕێوەدەچێت، بەڵام پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستیەوە، دادگاییكردنەكە بۆ ڕۆژی 21/10 دواخراوە.

هۆكاری دواخستنەكە پەیوەندیی بە گۆڕینی دادوەرەوە هەیە، كە بە هەمان هۆكار چەند جارێك دادگاییكردنی ژمارەیەك لە زیندانیكراوانی بادینان دواخراوە.

پارێزەرەكەی زیندانیكراوانی بادینان وتیشی، ئەو چالاكوانانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگاییبكرێن، زیاتر لە 14 مانگە دەستگیركراون و سێیەم جارە دانیشتنی دادگاییكردنیان بەڕێوەبچێت، بەهەمان ماددەی دەستگیركراوەكانی دیكەی بادینان تۆمەتباركراون.

هاوکات پاسەوانانی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر بۆ ماوەیەك ڕێگرییان لە تیمی تۆڕی میدیایی ئێستاکرد لەبەردەم دادگا ڕووماڵی دادگاییكردنەكە بكەن.

بابەتی پێشتر

چی دەزانیت دەربارەی گرانترین جۆری پەنیر لە جیهاندا؟

بابەتی دواتر

فۆربس ناوی گەنجترین 15 ملیاردێرەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share