دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، توانیویانە دەستبەسەر چوار تابلۆدا بگرن کە ماددەی هۆشبەریان تێدا شاردرابوونەوە.
لە راگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەخت، پاش بەدواداچوون و چاودێریی وورد توانیان دەستبگرن بەسەر چوار تابلۆ کە ماددەی هۆشبەری تێدا شاردرابوونەوە.
ئاشکراشیکرد، تابلۆکان لە دەرەوە هەرێمی کوردستان هێنرابوونە پارێزگای سلێمانی و تۆمەتباران بە نیازی گواستنەوەی بوون بۆ دەرەوەی ووڵات، بەڵام بەهەوڵی هێزەکانی ئاسایش و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە توانرا بڕی زیاتر لە دوو کیلۆگرام ماددە کریستاڵ دەستی بەسەردابگیرێت و تۆمەتبارێکیش دەستگیربکرێت.
باسیلەوەشکرد، لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.