تەندروستیی سلێمانی: تا ڕۆژی شەممە هیچ دەرمانێکی نەخۆشییەکانی دڵمان نامێنێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی هۆشداری لە قەیرانی توندی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەدات، بەپێی وتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تا ڕۆژی شەممە هیچ پێداویستییەکی بەشی نەخۆشییەکانی دڵ لە سلێمانی نامێنێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی دەرمان بڕێکی زۆر پارەیان لەسەر حکومەت ماوە و ئامادەنین هیچ بڕە دەرمانێکی دیکە بێنن، هەرچەندە گرێبەستی نوێ کراوە بۆ هاوردەکردنی دەرمان، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکیان پێنەدراوە.

بەرپرسەکەی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەکرد، کێشەکە لە نەبوونی نەختینەیە، کۆمپانیایەک ئەگەر سەد ملیۆنی لای حکومەت بێت، کە چەک دەبات بۆ بانک تەنها پێنج ملیۆن دیناری پێدەدرێت، “ئەوە گاڵتەکردنە بە کۆمپانیاکەن”، ئەوانیش ئامادەنین دەرمانی دیکە بهێنن.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم وتی، دەرمان و تەندروستیی سلێمانی بە گشتیی لە قەیرانێکی قوڵدایە، هەموو پێداویستییەکان لە تەواوبووندان، بەتایبەت بەشی نەخۆشییەکانی دڵ تا ڕۆژی شەممە پێداویستی و دەرمانمان هەیە، هەروەها نەخۆشانی شێرپەنجە لە کێشەی گەورەی نەبوونی دەرماندان بەتایبەتی دەرزییە گران و سەرەکییەکان.

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاماژەی بەوەکرد، نەختینە نییە بۆیە هەر هەوڵێک بدەین سوودی نییە، وەزارەتی دارایی و تەندروستی دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەربکەن، کاتێک نەختینە نەبێت لە بانکەکاندا چەکی خەرجکردن و گرێبەستی نوێ تەنها نوسینی سەر کاغەزە و هیچ جێگەیەک پڕناکاتەوە.

بابەتی پێشتر

كه‌جه‌كه‌: تۆڵەی كۆمه‌ڵكوژییەكەی زاخۆ دەكەینەوە

بابەتی دواتر

كۆشكی سپی ڕوونكردنەوە لەسەر تووشبوونی بایدن بە شێرپەنجە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share