شارەزایەكی سەربازی: واشنتن هەنگاو بۆ دانانی حەشدی شەعبی لە لیستی تیرۆردا دەنێت

“دانانی فالح فەیاز لە لیستی سزاكاندا، دەبێتە مایەی شەرمەزاریی بۆ حكومەتەكەی كازمی”

شارەزایەكی سەربازی دەڵێت، دانانی فالح فەیاز لە لیستی سزاكانی ئەمریكادا دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ حكومەتەكەی كازمی و دەشڵێت، ئیدارەی نێودەوڵەتی هەنگاودەنێت بۆ دانانی حەشد لە لیستی تیرۆردا.

ئەحمەد شەریفی، شارەزای سەربازی و ستراتیجی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم وتی، عێراق تائێستا لەژێر سایەی بەندی شەشەمی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكاندایە، كە چاودێری نێودەوڵەتی بەسەر وڵاتەكەدا دەسەپێنێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕاسپێردراوە بۆ چاودێریكردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

شەریفی لە لێدوانێكدا بۆ سپۆتنیك وتیشی، “تێڕوانینێك هەیە كە پڕۆسەی سیاسی بە ئاراستەی دروستدا تێناپەڕێت” ئەوەشی وت، “هاوكێشەكە بەشێوەیەكی بەرچاو دەگۆڕدرێت ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش پرسی چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراقدا پەسەندبكات”.

ئەو شارەزایە ئەوەشی خستەڕوو، پرسی دانانی فالح فەیاز لە لیستی سزاكاندا، دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ حكومەتەكەی كازمی، كە یان دەبێت پابەندبێت بە ئیرادەی نێودەوڵەتی و فەیاز لە دەسەڵات دووربخاتەوە، یان بێدەنگ بێت لێی و ئەوكات ڕوبەڕووی ئیرادەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

باسیشی لەوەكرد، “ئیرادەی نێودەوڵەتی هەنگاو بەرەو دانانی حەشدی شەعبی لە لیستی تیرۆردا دەنێت، ئەوكات حكومەتی عێراق پابەنددەكات بە هەڵوەشاندنەوەی حەشد، بەمەش گۆڕانگاری لە ناوخۆی عێراق بەپێی ئیرادەی نێودەوڵەتی دەبێت”.

هەینی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا ڕاگەیاند بەهۆی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، گروپەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، لە خۆپیشاندانەکانی 2019دا پێشێلکاری و دەستدرێژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە.

لە بەرانبەردا قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، “داوا لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکەین ئەو هەڵەیە ڕاستبکاتەوە کە بڕیاری سەپاندنی سزای داوە بەسەر کەسایەتییەکی حکومیی عێراقی-دا”.

ئەعرەجی دەشڵێت، “ئەوە ڕاست نییە فەیاز لە لیستی سزاکاندا بێت”.

بابەتی پێشتر

گازی سروشتی.. داهاتووی وزە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێم ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی بودجەی تاووتوێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share