چۆمسكی توانای قسەكردن لەدەستدەدات

نوام چۆمسكی بیرمەندی بەناوبانگی ئەمریكی دۆخی تەندروستی تێكچووە و بەهۆیەوە لە نەخۆشخانەیەكی بەرازیل خەوێندراوە پاش تووشبوونی بە جەڵتەی مێشك.

ڤالێریا چۆمسكی-ی هاوژینی رایگەیاند، هاوسەرەكەی (تەمەن 95 ساڵ) لە نەخۆشخانەیەكی شاری ساوپاولۆ لەژێر چاودێریی پزیشكدایە.

دوو هاوسەرەكە لە ساڵی 2015ەوە لە بەرازیل-ی نیشتمانی رەسەنی ڤالێریا دەژین.

بەپێی راپۆرتێك كە رۆژنامەی ڤولها دی ئێس پاولۆی بەرازیلی بڵاویكردووەتەوە، چۆمسكی توانای قسەكردنی نەماوە و جەڵتەكە كاریگەری لەسەر لای راستی جەستەی دروستكردووە.

چۆمسكی بە یەكێك لە فەیلەسوفە ماركسییە ئەمریكییەكان دادەنرێت، سەرەڕای كتێب و نووسراوەكانی، خاوەن چەندین وتەی بەناوبانگە لەوانە:

– ئەگەر دەتەوێت گەلێک داگیر بکەیت، دوژمنێکی خەیاڵی بۆ دروست بکە کە بەلای ئەوانەوە لە تۆ مەترسیدارتر دەربکەوێت، دواتر وەك فریادڕەسیان دەردەكەویت.
– یەکێک لە وانە هەرە روونەکانی مێژوو، مافەکان نادرێن، بەڵکو بەهێز وەردەگیرێن.
– ئامانجێک لە شێواندنی مێژوو و وا نیشاندانی ئەوەی پیاوە گەورەکان هەموو شتێکیان کردووە، بەشێکە لەوەی کە چۆن مرۆڤەکان فێردەکرێن کە ناتوانن هیچ بکەن، کە بێدەسەڵاتن و، تەنها دەبێت چاوەڕێی پیاوێکی گەورە بکەن تا ئەوەی دەیانەوێت بۆیان بكات.
– شتێک نییە بە ناوی وڵاتێکی هەژار، بەڵكو تەنها سیستەمێکی شکستخواردوو هەیە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وڵاتدا.

نوام چۆمسكی لە 7ی كانونی یەكەمی 1928 لە فیلادلیفیای پەنسلڤانیا لەدایكبووە، مامۆستای زمانناسییە و فەیلەسوفێكی ئەمریكییە، زانای هەستەوەریی ‌و لۆژیكە، هەروەها مێژوونووس‌ و رەخنەگر و چالاكوانی سیاسییە. بۆ ماوەی 50 ساڵ لە بواری زمانناسی ‌و فەلسەفە لە پەیمانگای (ماسانتسۆستس بۆ تەكنۆلۆژیا) كاریكردووە.

چۆمسكی خاوەنی 100 كتێبە لە بواری جەنگ، سیاسەت‌ و میدیا. لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1992 یەكێك بووە لە مەرجەعە جیهانییەكان. بەپێی راپرسی ساڵی 2005یش بە “باوكی زمانناسی نوێگەر” ناسێنراوە و كەسایەتییەكی سەرەكییە لە بواری فەلسەفەی شیكاریدا.

بابەتی پێشتر

ئاگر لە كارگەیەكی هەولێر كەوتەوە

بابەتی دواتر

گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی هەولێر-لەندەن دەستپێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share