کۆمەڵە شیعرێکی بەختیار عەلی بە زمانی فارسی بڵاودەبێتەوە

دوای مۆڵەتپێدانی، کۆمەڵە شیعرێکی نوسەری کورد بەختیار عەلی کە لەلایەن مەریوان هەڵەبجەییەوە کاری وەرگێڕانی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ کراوە، ئێستا کتێبەکە بۆ چاپ ڕەوانەکراوە کۆتایی ئەم مانگە بڵاودەبێتەوە.

کۆمەڵە شیعرەکە بەناوی “خنده غمگین‌ترت می‌کند” یانی “پێکەنین خەمگینترت دەکات” لەلایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ” نشر ثالث” ەوە ئامادە دەبێت بۆ بڵاوبوونەوە.

لەسەر کتێبەکە مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی کتێبەکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەماوەی نزیکەی 18  ساڵدا ئەم کتێبە سانسۆری لەسەر بووە لەلایەن کابینەی دوو سەرۆککۆماری ئێرانەوە و ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی نەدراوە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە هەندێک سانسۆرەوە ڕێگەدرا کە کتێبەکە بڵاوبکرێتەوە”.

مەریوان هەڵەبجەیی وتیشی، “لە کتێبەکەدا پێشەکییەکی خۆشمی تێدایە کە باس لە ژیانی ئەدەبی بەختیار عەلی دەکات لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لە چۆنیەتی کارکردنی بەختیار عەلی لە زۆرینەی ژانرەکانی ئەدەبدا”.

سەبارەت بە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بەختیار عەلی بە زمانی فارسی مەریوان هەڵەبجەیی وتی، ” دەزگای چاپ و پەخشی نشر ثالث کتێبەکە چاپ دەکات کە پێشتریش دواهەمین هەناری دونیا دەریاس و لاشەکانی بەختیار عەلی و چەند بەرهەمێکی دیکەی نوسەرانی دیکە وەک فەرهاد پیرباڵ و شێرزاد حەسەنی چاپکردووە”.

بەختیار عەلی وەک نوسەر و ڕۆماننوسێکی کورد، بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێردراوە و بۆ زمانی فارسی چەندین بەرهەمی وەرگێڕدراوە لەوانە، “دواهەمین هەناری دونیا(ڕۆمان)، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان (ڕۆمان)، جەمشیدخانی مامم (ڕۆمان) غەزەلنوس و باخەکانی خەیاڵ(ڕۆمان)، شهر همنوازان سپید”.

بابەتی پێشتر

كێشانی مادەی هۆشبەر

بابەتی دواتر

گومان دەخرێتەسەر ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share