ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، بودجەی ئەمساڵ هیچ تەرخانكراوێك بۆ دامەزراندن لەخۆناگرێت.
موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، خشتەكانی بودجە كە دوێنێ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرا، هیچ دامەزراندنێك یان پلەی وەزیفی لە جۆری گرێبەست یان لەسەر میلاكی هەمیشەیی تیانییە.
وتیشی، “بەپێی خشتەكانی بودجە، فەرمانبەر دەتوانێت تەنسیب یان گواستنەوە بكات لە فەرمانگەیەكەوە بۆ ئەوی دیكە یان لە وەزارتێكەوە بۆ ئەوی دیكە پاش وەرگرتنی رەزامەندیی ئەو فەرمانگەی كاری بۆدەكات و ئەوەش كە بۆی دەگوازرێتەوە”.
ئێوارەی دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگدان خشتەكانی بودجەی گشتیی ئەمساڵ 2024ی پەسەندكرد.
ئەمەش لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا مامۆستایانی وانەبێژ هەوڵەكانیان بۆ دامەزراندنیان لەڕێی بودجەی ئەمساڵەوە لەسەر ئاستی عێراق دەستپێكرد.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم رایگەیاند، لە دوای پەسەندکردنی خشتەی بوجەی 2024 هیچ رێگەچارەیەک بۆ دامەزراندنی وانەبێژان نەماوە.
وتیشی، “لەناو خشتەی بودجەدا بەهیچ جۆرێک ناوی مامۆستایانی وانەبێژی تێدانییە، هیچ بڕە پارەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەو توێژە، بەهیچ جۆرێک پارەدارکردنی بۆ وانەبێژان و پلەی بەرزکردنەوە گرێبەستەکانی تێدانییە”.
دوێنێش سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەی یەکلاییکردەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندن بۆ هیچ چین و توێژێک بۆ هەرێم ناکرێت.
دەشڵێت، ئەوەی بۆ مووچە دانراوە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ئەویش پەیوەستە بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و توطين کە تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەستیپێنەکردووە.