ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەکی لە ژێر ناوی “دەرماڵەی حەج” بە ئەندامەکانی دابێت.
بەشی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەندێک دەزگای راگەیاندن هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە تیایدا باس لەوە دەکەن ئەنجومەنی نوێنەران بڕە پارەیەکی زۆری بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە خەرجکردووە، ئەو هەواڵە بە تەواوی ناڕاستە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک بگرێتەبەر کە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست هەوڵی زیانگەیاندن بە دەسەڵاتی یاسادانان بدات.
ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ئەو کارە پیچەوانەی کاری رۆژنامەوانییە و پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن بەدواداچوونی ورد بکەن.