قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆک کۆمار و وەفدی یاوەری و گیان لەدەستدانیان بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم:
“گیان لەدەستدانی جەنابی سەید ئیبراهیمی رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و جەنابی حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان لە رووداوی کەوتنە خوارەی هێلی کۆپتەردا، کۆستێکی گەورەیە بۆ گەل و حکومەتی ئێران و لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردین.
ئێران وڵاتێکی گەورە و بەهێزە و بەسەر ئەم کۆستە قورسەدا زاڵ دەبێت. بەم بۆنە دڵتەزێنەوە، هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ بەڕێز جەنابی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی، حکومەت و گەلی ئێران دەردەبڕین. داواکارین خودای گەورە ئارامی و سەبورییان پێ ببەخشێت، ئەم رۆژە سەختانە تێپەڕێنن و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاوبنێن.”
بەیانی ئەمڕۆ لە نزیک کاتژمێر 7:30 خولەک، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەو تیمەی لەگەڵی بوون لە تێکشکاندنی هێلیکۆپتەرەکەیان، گیانیان لەدەستداوە و دواتریش حکومەت بە فەرمی هەوڵەکەی پشتراستکردەوە.