بەگوێرەی ئامارێكی بەپەلەی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە جیهان نزیكەی 800 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون.
لە پێگەی فەرمیی خۆی، ئەمشەو 9ی كانونی دووەم، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكرایكردووە، “لە ئاستی جیهاندا لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 799 هەزار و 712 كەسی نوێ تووشی كۆرۆنا بوون”.
ئەوەشی ئاشكراكردووە، یەك لەسەر سێی ئەو ژمارەیە لە ئەمریكا بووە.
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەوماوەیەدا ژمارەی ئەو كەسانەی بە كۆرۆنا لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە 15 هەزار و 454 كەس بوون.
هەروەها لەو ڕێژە مردنەش ئەمریكا ڕێزبەندی یەكەمی گرتووە بەوەی، زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانی هەبووە كە 4 هەزار و 176 كەس بوون.
بەگوێرەی پێگەی جیهانیی worldometers، تایبەت بە ئاماری كۆرۆنا، كۆی ئەو كەسانەی تا ئێستا لە جیهاندا تووشی كۆرۆنا بوون گەیشتوونەتە 89 ملیۆن و 743 هەزار و 217 كەس.
هەروەها لە جیهاندا تا ئێستا یەك ملیۆن و 928 هەزار و 553 كەس بە كۆرۆنا مردوون.